راچڵەکین-
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، قەدەغەی ھاتوچۆ، جوڵەی بازرگانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان، فڕۆکەخانەکان، دیپلۆمات و ئاژانسەکانی سەر بە یوئێن ناگرێتەوە، ھەروەھا خەڵکی بیانی و گەشتیاریش دەتوانن بە شێوەی سنوردار ھاتوچۆ بکەن.
هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، دەسەڵاتدراوە بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی ئەنجامدانی سەرژمێرییدا ڕێنمایی تایبەت بە پڕۆسەکە دەر بکەن.
باسی لەوەشکرد، پڕۆسەی سەرژمێری بە سێ قۆناغدا دەڕوات، قۆناغی یەکەم لە ١٧، ١٨ و ١٩ی مانگ دەست پێدەکات و بژمێرەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن و زانیارییەکانی ناو فۆڕمەکە وەردەگرن. لە قۆناغی دووەم لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی مانگ، جارێکی دیکە تەنیا بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن، بۆ نموونە کەسێک لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا لە دایک بووە یان گیانی لەدەستداوە، ئەوا تۆمار دەکرێن. لە قۆناغی سێیەمدا لە ھەمان ڕۆژ تایبەت بەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن، ئەوا پێویستە ناسنامەی باری کەسێتی یان کارتی نیشتمانییان لە ماڵەوە ھەبێت بۆ ئەوەی ناوەکانییان تۆمار بکرێت.
ئەوەشی خستە روو، ئەوانەی تایبەت بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمن، ئەوا پێویستە لە زێدی خۆیان ئامادە بن، کە ئەوانە ناگرێتەوە کە گوندەکانییان تەواو خاپوور کراوە و شوێنی نیشتەجێبوونییان نەماوە، ئەوانە لە شوێنی ئێستای خۆیان تۆمار دەکرێن و ئاماژە بە زێدی خۆیان دەکەن.
لەبارەی کارمەندانی کەرتی تایبەتیشەوە ئەوەی روونکردنەوە، پێویستە رێگەیان پێبدرێت بە نۆرە لەماڵەوە بن بۆ ئەوەی لە سەرژمێرییەکەدا تۆمار بکرێن و رۆژنامەنووسانیش بە ناسنامەی سەندیکا یان دەزگاکانی خۆیان دەتوانن هاتوچۆ بکەن.
بڕیارە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت و بەوهۆیەوە ئەو دوو ڕۆژە بووەتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
هـ.ئـ