راچڵەكین -
ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە بەناوی چارەسەركردنی كێشەی خێزانی، وێنەو ڤیدیۆی چەندین ژنی تۆماركردووەو لە بەرامبەر بڵاونەكردنەوەیان، بڕێكی زۆر پارەی لێوەرگرتوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوكراوەتەوە، بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتبارێك بەناوی (هـ ، ع ، ح) دەستگیركرا، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، هەژمارێكی بەناوی (چارەسەركردنی كێشەی خێزانی) دروستكردووەو لەگەڵ ژمارەیەك ئافرەت كەوتووەتە پەیوەندی بەناوی چارەسەركردنی كێشە خێزانییەكانیان و دواتر بە پلانێك وێنەو گرتە ڤیدۆی ئەو ئافرەتانەی تۆماركردووە، پاشان هەڵساوە بەهەڕەشەكردنی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤێدۆكانیان، یان ڕەوانەكردنی بۆ كەسوكاری ئافرەتەكان، لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی ئەم كارەشی بڕێكی زۆر پارەی لە ئافرەتەكان وەرگرتووە.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، بەدواداچوونەكانیان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم جۆرە كەسانەو هەموو هەوڵێكیش دەخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنیان، هاوكات داواش لە هاووڵاتیان كراوە پەیوەندییەكانیان لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكان سنوردار بكەن و متمانە بە كەسانێك نەكەن كە نایانناسن و جێگای متمانە نین.