کێشە لە نێوان ئەنچیلۆتی و پیرێز دورست دەبێت

وەرزش

17/11/2024     ژمارەی بینراو 227

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە تووشی کێشە دەبێت، ئەمەش بەهۆی هەڵوێستی مێرێنگێ لە گواستنەوەی یاریزانان لە مانگی یەکی داهاتوودا.

یانەی ڕیال مەدرید ڕووبەڕووی شەپۆلێکی پێکان دەبێتەوە، بەتایبەت لە هێڵی بەرگریدا، چونکە لە ئێستادا هیچ بەرگریکارێکی ڕاستی لەبەردەستدا نییە، تەنها یەک بەرگریکاری ناوەڕاستیش بەردەستە، ئەویش ئەنتۆنیۆ ڕودیگەرە.

بەگوێرەی تۆڕی "ریلیڤۆ"ی ئیسپانی، هەمووکات ڕیال مەدرید لە گواستنەوە زستانەکان بێدەنگە، بەڵام لەم وەرزەدا چەند ناوێک لە ڕۆژنامەکانی ئیسپانیادا دەرکەوتوون، وەک ئایمریک لاپۆرتێ (نەسڕ)، کاستیلۆ لوکیبا (لایپزیگ)، جۆناسان تا (بایر لیڤەرکوزن) وەک بژاردەی سەرەکی بۆ دڵی بەرگری، لەکاتێکدا ترێنت ئەلێکساندەر-ئارنۆڵد یەکەم ئامانجە بۆ بەهێزکردنی لای ڕاستی بەرگری.

ڕیلیڤۆ ئاشکرایکردووە، دابەشبوون لەناو ڕیال مەدریددا هەیە سەبارەت بە بازاڕی گواستنەوەی زستانە، چونکە ئەنچیلۆتی و خۆسێ ئەنخێل سانچێز، بەڕێوەبەری گشتی دەیانەوێت یاریزانی نوێ بگوازنەوە.

بەڵام پێرێز بە جۆش و خرۆشەوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەکانی ئەم زستانە نییە، ئەمەش گرژیی لەنێو سەرکردایەتی باڵای یانەی شاهانە دروستکردووە.

پێرێز بیر لە لایەنە داراییەکانی ئەم گرێبەستانە دەکاتەوە، بەتایبەتی کە بەشێک لەو یاریزانانەی کە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، یاریزانی تێچووی زۆرن.

سەرۆکی یانەی ڕیال مەدرید پێی باشە چاوەڕێی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە بکات بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ، هەروەها ئامادەیە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا چەندین یاریزان بەهێز بهێنێتە شاهانەکانەوە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن