ئەمریکا یەکەم حاڵەتی جۆرە نوێکەی ئاوڵەی مەیموونی تۆمارکرد

تەندروستی

17/11/2024     ژمارەی بینراو 246

راچڵەکین-

ناوەندی ئەمریکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گواستراوەکان رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی جۆرە نوێکەی ئاوڵەی مەیمونیان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا تۆمار کردووە، کە ئەوە یەکەم حاڵەتە لە تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو حاڵەتەی تۆمارکراوە، کەسێکە کە بەم دواییانە لە ویلایەتە لە رۆژهەڵاتی ئەفریقاوە گەشتی بۆ ئەمریکا کردووە، لەگەڵ گەیشتینیشیدا راستەوخۆ چارەسەری بۆ کراوە و رێگەی نەدراوە بڕواتەوە.

ئەوەشی خستووەتە روو، دوای وەرگرتنی چارەسەرەکانی ئێستا ئەو کەسە لە ماڵەکەی خۆیدا کەرەنتین کراوە و رێگەی پێنادرێت بێتە دەرەوە، هەروەها پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر نەماوە و پێویستی بە وەرگرتنی پشوو و نەمانی نیشانەکانی هەیە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی ٨ی رابردوودا رایگەیاند، ئاوڵەی مەیمون لە ئێستادا حاڵەتێکی فریاگوزاری جیهانییە. کە ئەو روونکردنەوەیەی تەندروستی جیهانی یەکێکە لە بەرزترین ئاستەکانی هۆشداریدان.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی نەخۆشییەکەی بە پەتا ناساندووە و لە ئێستادا لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

نیشانە سەرەتاییەکانی ئاوڵەی مەیمون هاوشێوەی پەتای وەرزین و لە قۆناغەکانی پەرەسەندنیشیدا گەورەبوون و ئاوسانی لیمفەگرێکان و دەرکەوتنی ئاوڵەی لەگەڵدایە.

لە زۆر دۆخدا نەخۆشەکە پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر نییە و خۆی چاکدەبێتەوە، بە گشتی لەنێوان ٥ رۆژ بۆ دوو هەفتە دەخایەنێت.

هـ.ئـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن