راچڵەکین-
وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، ئەنجامدانی سەرژمێری کە ماوەی ٢٧ ساڵە ئەنجامنەدراوە، نەخشەی گەشەسەندنی عێراق دەگۆڕێت.
محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، ئەنجامدانی سەرژمێری سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامدانی سەرژمێری لە کارەلەپێشینەکانی حکومەتی عێراقە و هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانی بۆ دابین کراوە، چونکە ئەوە ماف و شایستەیەکی نیشتیمانی و دەستوورییە.
باسی لەوەشکردووە، پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان، وێنەیەکی گەشەسەندن دەداتە حکومەتی ئێستا و حکومەتەکانی داهاتوو، کە بتوانن پشتی پێببەستن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی و پڕۆژە بە هاوڵاتیان.
بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستپێبکات، کە بەو هۆیەشەوە ٢٠ و ٢١ی مانگ وەک پشوی فەرمی و کەرەنتینێک راگەیەنراوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا.
تاوەکو ئێستا پێنج سەرژمێری فەرمی لە ساڵەکانی ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧ و ١٩٩٧لە عێراقدا ئەنجامدراون.
هـ.ئـ