راچڵەکین-
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا 'پنتاگۆن' بڵاویکردەوە، بەردەوامدەبن لە فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە.
پاتریک رایدەر وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا ئاماژەی بەوە کرد، لوید ئۆستنی وەزیری بەرگریی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی ئەنجامداوە و جەختی لەسەر گرنگیی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە کردووەتەوە.
ئەوەشی خستە روو، ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەو رێوشوێنانەی لە نامەکەدا دیاریکراون و ئۆستن واژووی کردووە جێبەجێ بکات کە داوای چوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان دەکات بۆ غەززە.
رایدەر ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە کاری زیاتر بکرێت و پێداگرین لەسەر هەوڵەکانمان و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشە ئیسرائیلییەکانمان و هیوادارین زیادبوونێک لەو بارەیەوە بەدیبکەین".
جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەززە ماوەی ساڵێک و یەک مانگە بەردەوامە و لەو ماوەیەشدا فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ زۆر بوون، بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆیەک لەوبارەیەوە روون نییە.
هـ.ئـ