چەند زیندانییەکی گرتووخانەی ئەبوغرێب بە ٤٢ ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەکرێنەوە

عێراق

13/11/2024     ژمارەی بینراو 221

راچڵەکین-
دادگای ویلایەتی ڤێرجینیا بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی سێ زیندانیی پێشووی ئەبوغرێب بە ٤٢ ملیۆن دۆلار. 

دادگای ویلایەتی ڤێرجینیا کۆمپانیای ئەمنیی CACIی بەرپرسیار کرد لە تێوەگلانی لە دۆسیەی ئەشکەنجەدانی سێ زیندانی گرتووخانەی ئەبوغرێبدا، کە لە کاتی پڕۆسەی ئازادی عێراقدا ئەمریکا لە رێگای هاوکاریی و ئەشکەنجەکانی ئەو کۆمپانیایانەوە سزای بەشێک لە زیندانیانی دەدا. 

سکاڵاکە لەلایەن سێ زیندانی پێشووی ئەو گرتووخانەیەوە  لەسەر کۆمپانیای ئەمنیی CACI تۆمار کرابوو و لەو دۆسیەیەدا دادگا دەستەی سوێندخواردنی فیدراڵی کۆمپانیای CACIی بە بەرپرسیار کرد لە تێوەگلانی لە ئەشکەنجەدانەکەدا. 

دادگاکە بڕیاریدا بە تێکڕا ٤٢ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە هەر یەک لە سکاڵاکاران سوهەیل شەمەری و سەڵاح عەجیلی و ئەسعەد زوبەیع. دوای دەرچوونی بڕیارەکەش کۆمپانیاکە هیچ ڕوونکردنەوەکەی نەدا لە بارەی ئەوەی کە ئایا تانە لە بڕیارەکە دەدات یان نا، ئەوەندە نەبێت کە تیمی پارێزەرانی کۆمپانیاکە دەڵێن، ئەوان بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا کارەکانیان کردووە. 

وەک میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان پێکردووە، ئەو بڕیارە دوای ١٦ ساڵ دێت لە تۆمارکردنی سکاڵای ئەو سێ زیندانییە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا تۆماریان کردبوو لەسەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤دا کە لە ئەبوغرێب دەستگیرکراون، ئەشکەنجەی سەخت دراون و دەستدرێژیان کراوەتە سەر. 

گرتووخانەی ئەبوغرێب لەپاڵ نوگرەوسەلمان و گرتووخانەکانی موسڵدا یەکێک بوو لەو گرتووخانانەی جێگەی سزادان و بێسەروشوێن بوونی هەزاران کورد بوو، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقیشەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، زیندانەکە بووە مۆتەکەیەک بۆ پیاوانی حزبی بەعس و تیایدا لەوێ لێپرسینەوەیان لێدەکرا. 

کۆمپانیای ئەمنیی CACI 'سەنتەری شیکاری کالیفۆڕنیا' تایبەتە بە پێشکەشکردنی زانیاریی و هاوکارییەکانی لێکۆڵینەوە، لێپێچینەوە و پێشکەشکردنی راپۆرت لەسەر قوربانیان و گومانلێکراوان و تاوانکاران. 

هـ.ئـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن