ڕاچڵەکین-
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان داوای دواخستنی سەرژمێریی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەکات تا ئەو کاتەی ماددەی 140 جێ بەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-11-2024 فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:"ئێمە لە دژی سەرژمێریی نین و بە پێویستی دەزانین، ترسی ئێمە ئەوەیە کە بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنرێت.
ڕاشیگەیاند: پرۆسەی سەرژمێری بەشێک لە ئاوات و ئامانجەکان دێنێتە دی بە تایبەت لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی تاوەکوو ئێستا کێشەی ناوچە کوردستانییەکان چارە نەکراون، پێمان باشە ئەو سەرژمێرییە دوابخرێت تا ئەو کاتەی ماددەی 140 جێ بەجێ دەکرێت یان بارودۆخێکی سیاسیی باشتر بۆ ئەو ناوچانە دەستەبەر بکرێت.
بڕیار وایە 20 ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.