راچڵەکین-
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا محەمەد شیاع سودانی چاوی
بە دۆناڵد ترەمپ بکەوێت.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە: محەمەد شیاع
سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کاندیدی
سەرکەوتووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە پەیوەندییەکەدا سودانی پرۆزبایی لە
ترەمپ کرد و هەردوولا جەختیانکردەوە لە بەرەوە پێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە
دوو قۆڵییەکانی نێوانیان بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، وزە و تەکنەلۆژیا.
باسی لەوەشکرد: هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە
بەڵێنەکەی ترەمپ کرد کە لەکاتی بانگەشەکەیدا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی
ناوچەکە دابووی و ئامادەیی دەربڕی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا بە مەبەستی
بەجێگەیاندنی بەڵێنەکە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراشیکرد: دۆناڵد
ترەمپیش رایگەیاندووە، بەم نزیکانە بە مەبەستی فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق
و ئەمەریکا و کارکردن لەسەر پرسە هاوبەشەکان دیدارێک ئەنجام دەدەین.