راچڵەكین -
گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و چۆڵكردنی كەمپەكانی سنووری هەرێمی كوردستان بەردەوامەو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقیش رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 325 ئاوارەی دیكەی نیشتەجێی كەمپێكی سنووری پارێزگای دهۆك، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و هەر خێزانێكی گەڕاوەش بڕی چوار ملیۆن دیناریان پێدەدرێت.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی كەیسی كەمپی ئاوارەكان، 326 ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی مام رەشان لەسنووری پارێزگای دهۆك، بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، گەڕانەوە زێدی خۆیان لە سنووری قەزای شنگال-ی سەر بە پارێزگای نەینەوا.
بەوتەی ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، تیمەكانیان لەكارەكانیان بەردەوامن بۆ تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی كە خوازیارن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەر خێزانێكی ئاوارەش لەكاتی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی، بڕی چوار ملیۆن دیناری وەك دیاری پێدەدرێت، لەگەڵ دابینكردنی كەلوپەلی ناوماڵ و بڕێكی خۆراك.
لەماوەی رابردوودا سەدان ئاوارەی نیشتەجێی كەمپەكانی سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لەسنووری پارێزگاكانی كەركوك، نەینەواو سەڵاحەدین، حكومەتی عیراقیش بڕیاریداوە كۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەكان بهێنێت و سەرجەم ئەو كەمپانە دابخات كە لەهەرێمی كوردستان كرابوونەوەو دەیان هەزار ئاوارەیان لەخۆگرتبوو.