سەڵاحەدین بەهائەدین و عەلی باپیر لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە کۆبوونەوە

کوردستان

28/10/2024     ژمارەی بینراو 239

راچڵەکین- 

نوسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی بڵاویکردەوە: ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی بە یاوەری هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەڵاحەدین بابەکرد کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردن، سەردانی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە دیدارەكەدا بارودۆخی ناوخۆ و عێراق و شەڕی غەززە و دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لە بارەیەوە كرا.

باسی لەوەشکرد: لەسەرەتادا هەردوولا هاورابوون كە بارودۆخ و رەوشی ناوچەكە لە گۆرانكاری خێرادایە و دەبێت بەرپرسیارانە بروانینە دۆخەكە و رەوشی موسڵمانانی غەززە دەبینین كە رۆژانە دەیان و سەدان شەهید و بریندار هەیە و رژێمی زایۆنی زۆر بێ رەحمانە كاولكاری ئەنجامدەدات، وڵاتانی نێودەوڵەتیش بە بێ دەنگی بەدیار ئەم دەستدرێژیانەوە رۆڵی تەماشاكار دەبینن.

نوسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو روونیشیکردەوە: لە بەشێكی تری دیدارەكەدا پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەرئەنجامەكانی گفتوگۆی پێویست لە بارەیەوە كرا.

لەلایەکی دیکەوە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ئاشکرایکردووە: هەردوو لا هاوڕا بوون كە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قەبارەی ڕاستەقینەی دەنگەکانی خۆیان نیە و ساختەكاریی كراوە و ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەنگدانەوەی دروستی پێگە و سەنگی لایەنەكان نیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن