دادگای فیدراڵیی چەند بڕگەیەكی یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 167

راچڵەكین -

دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیاریدا هەمواری یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان و چەند بڕگەیەكی یاساكە هەڵبوەشێنێتەوە، بەوپێیەی نادەستووری بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، لەسەر ئەو سكاڵایە كۆبووەوە كە لەلایەن د. بڕیار رەشید، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەر یاسایەكی ئەنجومەنی شوورای هەرێم تۆماری كردبوو.

دادگاكە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی چوار لە ماددەی 13ی یاساكە، كە داواكانی رەگەزنامە لە تایبەتمەندی دادگای دادوەری كارگێڕییە و لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە نامێنێت.

دادگای باڵای فیدراڵی هەردوو بڕگەی یەكەم و دووەمی لە ماددەی 16 لە یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان بە نادەستوری ناساند و هەڵیوەشاندەوە، كە تێیدا هاتووە دادگای دادوەری كارگێڕی تایبەتمەند نییە بە تاوتوێكردنی ئەو تانانەی پەیوەندیدارن بە بڕیارە كارگێڕییەكان، لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە.

یەكێكی دیكە لە بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی، بەنادەستووری دانانی هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان، كە ساڵی 2022 لە پەرلەمانی كوردستان دەركراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن