سەدان ئاوارەی نیشتەجێی كەمپێكی دهۆك دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 113

راچڵەكین -

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق گەڕانەوەی نزیكەی 400 ئاوارەی نیشتەجێی كەمپێكی سنووری پارێزگای دهۆك بۆ زێدی خۆیان لە قەزای شنگال رادەگەیەنێت و هەر خێزانێكی گەڕاوەش بڕی چوار ملیۆن دیناریان پێدەدرێت.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی كەیسی كەمپی ئاوارەكان، ئەمڕۆ سێشەممە 392 ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی داودیە لەسنووری پارێزگای دهۆك، بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، گەڕانەوە زێدی خۆیان لە سنووری قەزای شنگال-ی سەر بە پارێزگای نەینەوا.

بەوتەی ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، تیمەكانیان لەكارەكانیان بەردەوامن بۆ تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی كە خوازیارن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەر خێزانێكی ئاوارەش لەكاتی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی، بڕی چوار ملیۆن دیناری وەك دیاری پێدەدرێت، لەگەڵ دابینكردنی كەلوپەلی ناوماڵ و بڕێكی خۆراك.

لەماوەی رابردوودا سەدان ئاوارەی نیشتەجێی كەمپەكانی سنووری هەولێر، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لەسنووری پارێزگاكانی كەركوك، نەینەواو سەڵاحەدین، حكومەتی عیراقیش بڕیاریداوە كۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەكان بهێنێت و سەرجەم ئەو كەمپانە دابخات كە لەهەرێمی كوردستان كرابوونەوەو دەیان هەزار ئاوارەیان لەخۆگرتبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن