راچڵەکین-
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند: هەنگاوەکانمان
بەرەو راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی چالاکتر دەکەین و بە پشتیوانیی خوای
گەورە و ئێوەی خۆشەویست، ئەم کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە دەگاتە ئامانج.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
تێکۆشەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
ئازیزانمان لەهەموو نەتەوە و پێکهاتە
جیاوازەکان
ئەندام و لایەنگرانی سەرجەم هێزە سیاسییەکان
لە قووڵایی دڵمانەوە سوپاس و پێزانین
ئاڕاستەی بەشداریی گەرموگوڕتان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەرەوپێشبردنی رەوتی
دیموکراسی لە هەرێمەکان دەکەین و لەبەرامبەر ئەو وێنا گەش و دیموکراسییەی بە
کوردستانتان بەخشی، سوپاسگوزارین و هیوادارم هەوڵ و خزمەتەکانی داهاتوومان پاداشتێکی
گونجاوبێت بۆ دڵسۆزی و بەدەنگەوەهاتنتان. هەروەها بەشداریی چالاکانەی خەڵک لە
پرۆسەکە و بووژانەوەی رۆحییەتی دەنگدان مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، چونکە
بڕوای لەمێژینەمان وایە و خۆمان بە سەرمەشقی پاراستنی پایەکانی دیموکراسی و
بەرەوپێشبردنی دەزانین و هەڵبژاردنیش فاکتەرێکی بەهێز و گرنگی پرۆسەکەیە.
سوپاسی بێپایانمان ئاڕاستەی جەماوەر و خەڵکی
دڵسۆزی کوردستان دەکەین کە لەم قۆناغی نوێبوونەوەی حوکمڕانی و هێنانەکایەی
دەسەڵاتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزاردا لەگەڵمانبوون و دەنگدانتان بە یەكێتییەکەتان،
شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە و خۆمان بە قەرزارتان دەزانین. دڵنیاشتان دەکەین
هەنگاوەکانمان بەرەو راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی چالاکتر دەکەین و بە
پشتیوانیی خوای گەورە و ئێوەی خۆشەویست، ئەم کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە
دەگاتە ئامانج.
یەکێتییە سەربەرزەکان و هەڤاڵانی خۆشەویستم
لەسەرجەم ئۆرگانەکان
وێڕای پیرۆزبایی گەرم و پێزانینی زۆرم،
دەستی ماندووبوونتان دەگووشم لەبەرامبەر شەونخونیتان بۆ سەرخستن، نوێکردنەوە و
گەشەکردنی زیاتری یەکێتییەکەتان کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد و
بەخۆشحاڵییەوە ژمارەی دەنگەکانمان نزیکەی 200 هەزار دەنگ زیادیکردووە، ئەمەش
جگەلەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییشە تاوەکو
هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنتان چڕتر بکەینەوە و کاری باشتر و جدیتر لەپێناو
هێنانەکایەی کوردستانێکی ئاوەدانتر بکەین، بۆیە لە دڵەوە سوپاسگوزاری پەرۆشی و
دڵسۆزیتانم. دڵنیاییشتان دەدەینێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامدەبێت لە
نوێبوونەوە و هێنانەپێشەوەی گەنجە خوێنگەرم و داهێنەرەکانی وڵاتەکەمان بۆ
بەرەوپێشبردنی زیاتری حزبەکە و پاشان بەڕێوەبردنی هەرێمەکەمان.
ئەوەی مایەی خۆشحاڵیی ئێمەیە، لە بازنەکانی
سلێمانی و هەڵەبجە یەکێتی زەمینەیەکی تەواو لەبار و گونجاوی بۆ هەموو لایەنەکان
رەخساند تاوەکو ئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن و بەشێکی گرنگی سەرخستنی پرۆسەی
دیموکراسی بن. ئێستاش کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی کۆتاییهاتووە، شانازی دەکەین لە
سەرەتاوە بەشێکی گرنگی ئەو هەوڵانە بووین بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانێکی بێگەرد
و دوور لە دەستتێوەردان، بەپێچەوانەی ئەو هەوڵە شکستخواردووانەوە کە ئامانجەکەی بۆ
دواخستن و پەکخستنی پرۆسەکە بوو.
جەماوەری سەربەرزی کوردستان و یەکێتییە
دڵسۆزەکان
سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات و
قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستپێدەکات، دواجار ویستی
نوێبوونەوە و دادپەروەری سەرکەوت و ئەرکە گرنگەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات کە ئەویش
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، زامنکردنی مووچە و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکانی
هەرێمی کوردستانە. بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی بەرامبەر دەنگەکانتان بەرپرسیار دەبێت
و ئەو بەڵێنە نادۆڕێنێت کە بە ئێوەی سەربەرزی دابوو.
لێرەوە سوپاسی زۆرمان بۆ کۆمیسیۆنی
هەڵبژاردنەکانی عیراق و کارمەندە بەڕێزەکانیان، نوێنەری وڵاتان، چاودێران و
هێزەکانی ناوخۆ دەنێرین کە رۆڵێکی گرنگیان لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی
شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گێڕا و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.
پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر، بەرەو
ژیانێکی سەقامگیرتر
هەر شاد و سەرفرازبن
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان