سەرۆكایەتی كۆمار لەبارەی سزای لەسێدارەدان دێتەدەنگ

عێراق

16 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 119

راچڵەكین -

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە روونكردنەوەیەكدا رەتیدەكاتەوە هیچ مەرسومێكی كۆماری بەكۆمەڵ دەركرابێت بۆ پەسندكردنی سزای لەسێدارەدان دەرهەق بەو كەسانەی بە تاوانی تیرۆریستی سزادراون.

لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوەو وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، سەرۆكایەتی كۆماری عیراق رایگەیاندووە، ئەو جۆرە هەواڵە ناڕاستانەی لەلایەن دوژمنانی عێراقەوە بانگەشەیان بۆ دەكرێت، هەوڵێكە بۆ نانەوەی پشێوی و تێكەڵكردنی بابەتەكان و وروژاندنی شەقام لەو هەلومەرجە ناوازەیەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت.

دەقی روونكردنەوەكە:

هەندێك پەیجی گوماناوی سەربە هەندێك لەوانەی لەلایەن دادگاوە داواكراون و هەروەها ئەفسەرانی هەواڵگریی سەردەمی رژێمی پێشو، كە دەستیان بەخوێنی عێراقییەكان سور بوە، هەواڵێكیان بڵاوكردۆتەوە لەبارەی دەرچونی مەرسومی كۆماری بەكۆمەڵ بۆ پەسندكردنی سزای لەسێدارەدان دەرهەق بەو كەسانەی بە تاوانی تیرۆریستی، سزادراون. لێرەدا دەمانەوێت رونیبكەینەوە، كە ئەو جۆرە هەواڵە ناڕاستانەی لەلایەن دوژمنانی عێراقەوە بانگەشەیان بۆ دەكرێت، هەوڵێكە بۆ نانەوەی پشێوی و تێكەڵكردنی بابەتەكان و وروژاندنی شەقام لەو هەلومەرجە ناوازەیەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت.

سەرۆكایەتی كۆمار درێغی ناكات لەجێبەجێكردنی ئەركەكانی لە پەسندكردنی حوكمی لەسێدارەدان بۆ ئەو تیرۆریستانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییە بێتاوانەكان سوربوە، دوای تەواوكردنی هەموو رێككارە یاساییەكانی بڕیارەكە، لەوانەش تەمیزكردن و دووبارە دادگاییكردن و پێشكەشكردنی بۆ لیژنەی لێخۆشبونی تایبەت، سەرۆك كۆمار وەك پارێزەری دەستور پەرۆشی تەواوكردنی رێككارە یاساییەكانی دژبە سزادراوانە و بەرپرسیارە لەپاراستنی خوێنی عێراقییە بێتاوانەكان و سزادانی ئەو كەسانەی تاوانبارن.

لێرەدا داوا لەو كەسانە دەكەین، كە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە یاخود كەسوكاریان، كە رێككارە یاساییەكانیان تەواو نەكراوە، داواكارییەكانیان پێشكەش بەسەرۆكایەتی كۆمار بكەن بەمەبەستی گواستنەوەیان بۆ لایەنی پسپۆڕی دادوەریی.

ئەوەی لە پەیجە گوماناوییەكاندا بانگەشەی بۆ كراوە، هیچ پەیوەندییەكی بەڕاستییەوە نییە و بوختان و درۆیەكی شاخدارە. لەكاتێكدا هۆشداری دەدەین لە بەرامبەر ئەو هەوڵە گوماناویانەدا، كە هەندێك كەس بەڕێوەیان دەبەن و ئەوانەی زیان بە بەرژەوەندییەكانیان گەیشتوە بەهۆی لەناوچوونی رژێمی دیكتاتۆری و شكستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، داوا دەكەین ورد و وریا بن لەبڵاوكردنەوەی هەواڵەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كەناڵەكانی دیكەی راگەیاندن و لێكۆڵینەوە لە هەواڵەكان بكەن پێش بڵاوكردنەوەیان، چونكە دوژمنانی عێراق درێغی ناكەن لە هەڵبەستنی درۆ و دروستكردنی قەیرانەكان بەمەبەستی زیانگەیاندن بە عێراق و گەلەكەی.

سەرۆكایەتی كۆمار

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن