كەرتی غەززە دووچاری كارەساتێكی گەورە دەبێتەوە

جیهان

16 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 118

راچڵەكین -

شەڕی غەززە پێی نایە رۆژی 377 و بەهۆی بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 120كەسی دیكە بوونەتە قوربانی، تەندروستی غەززەش رایدەگەیەنێت دانیشتووانی ناوچەكە رووبەڕووی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بوونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە، نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیلی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لەئەنجامی بۆردومانكردنی چەندین ناوچەی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، 29 كەس كوژران و 93 كەسی دیكەش بریندار بوون.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لە دەستپێكی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە كە 377 رۆژە بەردەوامە، تاوەكو ئێستا، 42 هەزارو 438 كەس كوژراون، ژمارەی بریندارانیش بۆ 99 هەزارو 246 كەس بەرزبووەتەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵن.

پێشتریش تەندروستی غەززە رایگەیاندبوو، تائێستا چارەنووسی هەزاران كەس لە دانیشتووانی غەززە نادیارەو پێدەچێت تەرمەكانیان لەژێر داروپەروودی باڵەخانە خاپووركراوەكاندا مابێتەوە، هۆشداریشی دابوو كە سەدان هەزار كەس بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەك ئاوو خۆراك، رووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی بوونەتەوەو ژیانیان لەمەترسیدایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن