ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان ئاشكرا دەبێت

کوردستان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 267

راچڵەكین -

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئەنكەرە لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا كۆدەبێتەوەو پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و عیراق و توركیا یەكێك لە تەرەوەكانی كۆبوونەوەكە بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی توركیای كردو لە ئەنكەرەی پایتەخت، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە كۆبووەوە.

سەرۆكی ھەرێم، لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، لەبارەی سەردانەكەی بۆ ئەنكەرە، نوسیوویەتی: "خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە لە ئەنكەرە لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا كۆبوومەوەو گفتوگۆمان لەسەر چەند تەوەرێك كرد، لەوانە سەقامگیریی ناوچەكە و پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و عێراق و توركیا".

 

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەكە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا كردەوە، چۆنیەتیی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دەر‌فەتەكانی كار و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی توركییان لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، تاووتوێ كرد.

سەرۆككۆماری توركیا، بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاریی هاوبەشی نێوانیانی لە هەموو بوارەكاندا، دووپات كردەوەو ئامادەیی و خواستی كەرتی تایبەتی وڵاتەكەی بۆ كار و وەبەرهێنان لە بوارو كەرتە جیاجیاكاندا نیشاندا.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمدا هاتووە، "هەردوولا نیگەرانیی خۆیان دەربارەی ئاڵۆزیی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مەترسی و ئەگەری لێكەوتەكانی بەسەر ناوچەكەوە دەربڕی. لەمبارەیەوە هاوڕابوون كە پێویستە هەمووان كار بكەن بۆ ئەوەی رێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكان بگیرێت و كێشەكان ئاشتییانە چارەسەر بكرێن".

بەر لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەردۆغان، نێچیرڤان بارزانی راستەوخۆ دوای گەیشتنی بۆ ئەنكەرە، لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیاو ئیبراهم كاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە (میت) كۆبووەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن