رووسیا زەبرێكی گەورە لە هێزەكانی ئۆكراینا دەوەشێنێت

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 260

راچڵەكین -

سوپای رووسیا كۆنترۆڵكردنی دوو ناوچەی دیكە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی ئۆكراینا رادەگەیەنێت و ئاشكراشیدەكات لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە هەزار و 800 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا نوێترین زانیاریی لەبارەی پێشڕەوییەكانی سوپای وڵاتەكەی لەشەڕی دژ بە هێزەكانی ئۆكراینا بڵاوكردەوەو رایگەیاند، هێزەكانیان لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا پێشڕەویی بەرچاویان لەهەردوو بەرەی شەڕی دۆنێتسك و لۆگانسك كردووەو دوو شارۆچكەی دیكەیان كۆنترۆڵكرد.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەمیانی شەڕو پێكدادانەكانی 24 كاتژمێری رابردوودا لەهەردوو بەرەی شەڕی دۆنێتسك و لۆگانسك، سوپای ئۆكراینا زیانێكی گەورەیان بەركەوتووەو بەپێی ئامارەكان، هەزارو 820 سەربازیان كوژراون، جگە لە كوژرانی دەیان چەكداری بەكرێگیراوی بیانی، كە لەپاڵ هێزەكانی ئۆكراینا شەڕدەكەن.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشكراشیكردووە، هێزەكانی ئۆكراینا بەمەبەستی گرتنەوەی ئەو ناوچانەی كە لێیان داگیركراوە، سێ هێرشیان ئەنجامداوە، بەڵام هەرسێ هێرشەكە شكستی هێناوەو دەیان تانك و سەكۆی مووشەكییان لەناوبراون و هێزەكانیشیان بەناچاری پاشەكشەیان كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن