كۆریای باكوور هەڕەشەی لەناوبردنی سیئۆل دەكات

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 127

راچڵەكین -

كۆریای باكوور لەسەر بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەكەی لەلایەن درۆنێكی كۆریای باشوور دێتەدەنگ و هەڕەشە لەو وڵاتە دەكات ئەگەر جارێكی دیكە كاری لەو جۆرە دووبارە بكاتەوە، بەهەموو هێزەكانیانەوە لێیان دەدەن و پایتەختەكەیان لەناودەبەن.

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەكەیان لەلایەن درۆنێكی كۆریای باشوور، كە لەچەند رۆژی رابردوودا بەسەر ئاسمانی شاری پیۆنگ یانگ فڕیوەو بڵاوكراوەی هەڵداوەتە خوارەوە، وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باكوور راگەیاندراوێكی توندی بڵاوكردەوەو ئەم كارەی بە بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەكان وەسفكرد.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، فڕینی درۆنێكی كریای باشوور بەسەر ئاسمانی كۆریای باكوور و فڕێدانی بڵاوكراوە كە چەندین دەستەواژەی دژ بە سەروەریی خاكەكەمان تێدا نوسراوە، كارێكی دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەكانەو بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەكانە، ئەم كارەش بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕنابێت.

وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باكوور جەختی لەوەكردووتەوە كە كۆریای باشوور بەئەنجامدانی ئەم كارە دوژمنكارانەی، خۆی كردە ئامانجێكی رەوا بۆ وێرانكردنیان و لەناوبردنی سیئۆل-ی پایتەختەكەیان لەلایەن هێزەكانی كۆریای باكوورەوە.

هەر لەو بارەیەوە، سوپای كۆریای باكوور سەرجەم هێزە سەربازییەكانی لەسەر سنوور خستە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشی و چاوەڕوانی فەرمانن بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی كۆریای باشوور.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن