راچڵەكین -
بەڕێوەبەری گرتوخانەیەكی باشووری عیراق بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، لەلایەن تیمەكانی دەستەی دەستپاكیی عیراقەوە دەستگیر دەكرێت.
دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت كە بەڕێوەبەری گرتوخانەی سەماوە لە باشووری عیراق، داوای بەرتیلی لە هاووڵاتییەك كردووە لەبەرامبەر نەگواستنەوەی برا تۆمەتبارەكەی بۆ گرتوخانەیەكی دیكە، تیمەكانی دەستەی دەستپاكیی لەپارێزگای موسەنا لە بۆسەیەكدا توانییان بەڕێوەبەری گرتوخانەكە لەكاتی وەرگرتنی بەرتیل، دەستگیر بكەن.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە كە وەرگرتنی بەرتیلەكە لەبەرامبەر هێشتنەوەی تاوانبارێك بووە لە گرتوخانەكەیان، كە بە پێنج ساڵ زیندانیكردن حوكمدراوەو بڕیاربووە بۆ گرتوخانەیەكی دیكە بگوازرێتەوە.
لەئێستادا بەڕێوەبەری گرتوخانەی سەماوە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی موسەننا راگیراوەو بڕیارە دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان، دادگایی بكرێت.