سەدان ئاوارەی دیكەی كەمپێكی هەولێر دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

کوردستان

10/10/2024     ژمارەی بینراو 166

راچڵەكین -

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق گەڕانەوەی زیاتر لە 400 ئاوارەی دیكەی نیشتەجێی كەمپێكی سنووری هەولێر بۆ زێدی خۆیان رادەگەیەنێت، لەماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 900 ئاوارە، كەمپەكەیان جێهێشتووە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی كەیسی كەمپی ئاوارەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 406 ئاوارەی دیكەی نیشتەجێی كەمپی دیبەگە لەسنووری پارێزگای هەولێر، بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، گەڕانەوە زێدی خۆیان لە قەزاو ناحییەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا.

بەوتەی ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، تیمەكانیان لەكارەكانیان بەردەوامن بۆ تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی كە خوازیارن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەر خێزانێكی ئاوارەش لەكاتی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی، بڕی چوار ملیۆن دیناری وەك دیاری پێدەدرێت، لەگەڵ دابینكردنی كەلوپەلی ناوماڵ و بڕێكی خۆراك.

لەماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 900 ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی دیبەگە، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لەسنووری پارێزگاكانی كەركوك، نەینەواو سەڵاحەدین، حكومەتی عیراقیش بڕیاریداوە كۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەكان بهێنێت و سەرجەم ئەو كەمپانە دابخات كە لەهەرێمی كوردستان كرابوونەوەو دەیان هەزار ئاوارەیان لەخۆگرتبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن