راچڵەكین -
بەهۆی نەشیابوونیان بۆ بەكارهێنان، دوو بەرهەمی دەرمانسازی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمەوە دەكشێندرێنەوەو فرۆشتیان قەدەغە دەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێم (KMCA)، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەنجامدانی دووبارە هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی تاقیگەیی بۆ دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوكەریی خۆراكی بە شێوەژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم، كە ماددەی میلاتۆنینیان تێدابوو، دوای دەرچوونی ئەنجامەكان بە نەرێنی و دەرنەچوونیان "not comply" لە شیكردنەوەی تاقیگەیی، بڕیاردرا بە كشاندنەوەیان و لەناوبردنیان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەرهەمە دەرمانسازییەكان بە ناوەكانی (HONORTONIN drops) بە ژمارە باچی (HNR1715) دروستكراوی كارگەی (HONOR) و (melatonin drops) بە ژمارە باچی (23B038) دروستكراوی كارگەی (inalme)، دوای ئەوەی لەلایەن تیمەكانی تاقیگەكانی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA شیكردنەوەی تەواوەتی تاقیگەییان بۆ ئەنجامدرا، دەركەوت كە تەنۆلكەی بینراو "visible particle"یان تێدایە و پێچەوانەی تایبەتمەندیی بەرهەمەكانن و شیاوی بەكارهێنان نین.
ئەو دوو بەرهەمە پێشتر فرۆشتنیان لە بازاڕەكانی هەرێم راگیرابوو تا هەڵسەنگاندنی ئەنجامە نوێیەكان، بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، هۆكاری خراپبوونی هەردوو بەرهەمەكەش، خراپ كۆگاكردن و گواستنەوەیان بووە، هاوكات سەرجەم دەرمانخانە و كۆگاكانی دەرمانیش لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ئاگاداركراونەتەوە كە ئەو دوو بەرهەمە لە پشكنین دەرنەچوون و بەڕێكاری زانستی دەرمانسازی و ژینگەیی لەناودەبرێن.