یانەیەکی گەورەی ئەوروپا دەیەوێت عومەر مەرمووش بکڕێت

وەرزش

08/10/2024     ژمارەی بینراو 117

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

یانەی لیڤەرپوول سەرنجی خستووەتە سەر عومەر مەرمووشی ئەستێرەی میسری، هێرشبەری یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت، کە لە وەرزی ئێستادا دەدرەوشێتەوە.

فلۆریان پلێتنبێرگ، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی سکای سپۆرتی ئەڵمانیا لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: عومەر مەرمووش لە لیستی ئارەزووەکانی لیڤەرپوولدایە، یانەی سوور پۆشەکان لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەو دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەمانکاتدا ئینتراخت فرانکفۆرت دەیەوێت گرێبەستەکەی زووتر بۆ ماوەی ساڵێک تا ساڵی 2028 درێژبکاتەوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕگەیەکی هەڵوەشاندنەوەی بۆ دابنرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە پێشینەی کارەکانی فرانکفۆرت ئەوەیە کە هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵەکە تا کۆتایی وەرزی ئێستا بهێڵێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، پاتریک بێرگەر، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی سکای سپۆرتی ئەڵمانیا، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: لیڤەرپوڵ ئێف سی پێداچوونەوە بە چەند بژاردەیەک دەکات بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی محەمەد سەڵاح، لەوانە گفتوگۆکردن و چاودێریکردنی هەردوو عومەر مەرمووش و کەریم ئادێیمی یاریزانی یانەی بوروسیا دۆرتمۆندە.

لە کۆتاییدا وتی: ئینتراخت هیوادارە گرێبەستەکەی مەرمووش بۆ ساڵێکی دیکە درێژ بکاتەوە بە زیادکردنی مووچەکەی و ئەستۆن ڤیلاش هاوینی ڕابردوو ئارەزووی کڕینی ئەو یاریزانەیان دەکرد.

مەرمووش لەم وەرزەدا لە دۆخێکی درەوشاوەدایە، چونکە تا ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 9 گۆڵی تۆمارکردووە و ٦ ئەسیستیشی کردووە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن