راچڵەكین -
لە هێرشێكی ئاسمانیی سوپای عیراق بۆسەر حەشارگەكانی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، چوار چەكداری ئەو گروپە كوژران كە یەكێكیان بەرپرسێكی باڵای داعش بووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەكانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەدین، تەرمی چوار چەكداری داعشیان دۆزییەوە، كە لەئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی سوپای عیراق لەسنووری ئەو پارێزگایەدا كوژرابوون.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەرچەندە تەرمەكان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكەوە پارچە پارچە ببوون، بەڵام توانراوە ناسنامەكانیان ئاشكرا بكرێت، كە یەكێك لە كوژراوەكان والی سەڵاحەدین-ی گروپی تیرۆریستی داعش بوو بەناوی ئەبو عومەر قوڕەیشی.
لەو شوێنەی تەرمی ئەو چوار تیرۆریستەی تێدا دۆزراوەتەوە، دەست بەسەر چەندین پارچە چەك و تەقەمەنی جۆراوجۆر و پشتێنی بۆمبڕێژكراودا گیراوە، كە تیرۆریستەكان ئامادەیان كردبوو بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی.