بۆچی ئیسرائیل هیچ زیانێکی بەرناکەوێت لە هێرشە مووشەکییەکاندا؟

ڕاپۆرت

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 224

بۆچی ئیسرائیل هیچ زیانێکی بەرناکەوێت لە هێرشە مووشەکییەکاندا؟
سیستمی دژە مووشەکی ئیسرائیل بەهاوبەشی تەکنەلۆجیا چۆن توانیویەتی زیانەکان نزیکبکاتەوە لە سفر؟
ئێستا شەڕەکە تەکنەلۆجیا دەیکات نەک تانک و سوپا و چەک!

سەربەست نەجمەدین - راچڵەکین

لەئێستادا ئیسرائیل خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین سیستمی بەرگری دژە مووشەکییە لەسەر ئاستی جیهان، بەجۆرێک دروستکراوە قەبارەی زیانەکانی ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی دەکرێت بەهۆی سیستمەکەیانەوە نزیکی دەکاتەوە لە سفر!

واز لە مێژووی دروستکردن و کێ دروستیکرد و کێ بیرۆکەی هێنا، دەهێنین، ئەوە بۆ خەڵک گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە بۆ خەڵک ئەوەیە وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرێت کاتێک وڵاتێک یان گروپێک، مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکات بۆ هیچ زیانێکی پێناگات؟ ئەمەش وەڵامەکەیەتی بزانە بەیارمەتی تەکنەلۆجیا چی دروستکردووە!

سیستمی بەرگریی یان دژە مووشەکی ئیسرائیل ناوی ئایرۆن دۆمە، ئەم سیستمە لە سێ پارچەی سەرەکیی پێکدێت بەمجۆرە:

📌راداری دۆزینەوەو بەدواداچوونی هێرش و مەترسییەکان، ئیشیان تەنها دیاریکردنی مەترسی و هێرشی لایەنی بەرامبەریانە تا روبەری 100 کیلۆمەتر دووجا لە دووری خۆیەوە هەست بە هێرشەکانی لایەنی بەرامبەر دەکات.

📌ناوەندێک بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ و کۆنتڕۆڵکردنی چەکەکان، ئەم بەشە کۆنتڕۆڵی مووشەکەکانیانی تیادەکەن.

📌یەکەی تەقاندنی مووشەکەکان، لێرەشەوە مووشەک بۆ تێکشکاندنی هێرشەکانی بەرامبەر دەتەقێندرێت.



ئەم سیستمە پارێزگاری لە ناوچە و شارێک دەکەن تا روبەری  100 بۆ 120 کیلۆمەتر دووجا، واتە ئاسمانی ئەو ناوچەیە دەپارێزن تا روبەڕی نزیکەی 120 کیلۆ مەتر دووجا.
ئەو مووشەکەی لەلایەن سیستمەکەوە دەنێردرێت بۆ مووشەک و هێرشی بەرامبەر، تا دوری 10 مەتر دووجا هەرچی لەدەوری بێت دەیتەقێنێتەوەو لە شوێنێ خۆی تێکیدەشکێنێت ئەویش لە رێگەی چەند سیناریۆیەکەوە، لەوانە روبەڕوو یان بە گۆشەی 90 یان بە گۆشەی 360 پلە کارەکە ئەنجام دەدات بەپێی هێرشی بەرامبەر، ئەمەش بەهۆی بوونی هەستەوەرێکی لەیزەرییەوە ئەوکارە دەکات و موشەکی بەرامبەر دەدۆزێتەوە.

بەشی پێشەوەی ئەو موشەکانەی لەلایەن سیستمەکەوە دەتەقێندرێت لەرێگەی تەکنەلۆجیاوە وادروستکراوە رێنمایی و شوێنی موشەکی بەرامبەر دەدات بە هەستەوەرەکان.

سیستمەکە سێ بۆ چوار بارهەڵگری مووشەک لەخۆدەگرێت، هەریەکەیان توانای هەڵگرتنی 20 مووشەکی هەیە.

هەروەها راداری دۆزینەوەی مەترسییەکان، توانای دیاریکردنی 1100 ئامانجی بەرامبەری هەیە لە یەک کاتدا.

لە رووی مادییەوە، بە نمونە ئەگەر موشەکێک لەوانەی کەتائیبی قەسام وەربگرین، کە تێچووەکەی 50 دۆلارە و لەوانەی ئێرانیش یەک مووشەکیان بە نزیکەی 1000 دۆلاری تێچووە لە دروستکردنیدا، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بۆ تەقاندنەوەیان یەک مووشەکی لە سیستمەکەیان ئاڕاستە دەکات، کە تێچووی تەنها ئەو مووشەکە 50 هەزار دۆلارە واتە 5 دەفتەر دۆلار.

بەکورتی و پوختی، ئیسرائیل لەرێگەی تەکنەلۆجیا و کەرەستەی سەربازییەوە توانیویەتی ببێتە دەسەڵاتداری ناوچەکە و مێشولەش بە ئاسمانەکەیدا بفڕێت سیستمەکەی لە دووری نزیکەی 120 کیلۆمەترەوە دەیدۆزێتەوەو پێشئەوەی بگات بە ناوچەی نیشتەجێ بوون، لە ئاسمانەوە دەیتەقێنێتەوە.

ئیسرائیل خاوەنی ئەمەیە بۆیە زیانی زۆر زۆر کەمە و زۆرینەی کات بە سەلامەت بۆی دەردەچێ!

واتە ئەگەر تەکنەلۆجیا نەبوایە ئیسرائیلیش ئەم سیستمەی بۆ دروستندەکرا.

ئەی ئێمە لەکوێی تەکنەلۆجیاداین؟

بۆ ئەم بابەتە سوودم لە BBC، CNN ، رۆیتەرز ، کۆمپانیای رەفایل، RDX وەرگرتووە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن