وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایش دەداتەوە

کوردستان

01/10/2024     ژمارەی بینراو 366

راچڵەکین-

 

کاروان گەزنەیی وتەبێژی لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: جارێکی دیکە گروپێک لە هەولێرەوە بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە راستیدا گروپێکی پاراستنی پارتین، دەستیانکردووە بە داتاشینی سیناریۆی کوالێتی نزم کە شایەنی وەڵامدانەوە نین،. بەڵام لەپێناو خەڵکی تێکۆشەری هەولێر دەمانەوێت هەندێک وەڵام بۆ مێژوو بدەینەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگری یەکەمی پارتی، بە روونی ئاماژەی بەوەکردبوو کە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر پەیوەندی بە یەکێتییەوە نییە، لە هەمانکاتدا پارێزگاری هەولێریش پێش ئەوەی ببێت بە ئەندامی یەکێک لە تیمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی، وتی رووداوەکە بەهۆی لەحیمکردنەوە بووە.

 

باسی لەوەشکرد:  لەکاتێکدا نەیارەکانمان بە درۆن هێرشدەکەنە سەر هاوڵاتییانی هەرێم و گەنجەکانمان دەکوژرێن بە بۆمباران، بەڵام بە ناو ئەنجومەنی ئاسایش بێدەنگە و هیچ کاردانەوەیەکی نییە، ئەو ئەنجومەنەی کە کرێگیراوانی بادینانی راپێچی زیندان کرد لەسەر بۆچوونی جیاواز و کۆمێنت، ئەو ئەنجومەنەی کە ریشی پیرۆزی مامۆستایانی ئاینی دەسووتێنێت.

 

کاروان گەزنەیی وتیشی: ئەم هەوڵانە بە نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی بانگەشەی هەڵبژاردن، هەروەها وەک لیستی ١٢٩ی یەکێتی جەختدەکەتینەوە لەوەی لەگەڵ بانگەشەیەکی ئارامین، ئەم شڵەژانە دەروونییە کە بەسەر سەرۆکی حکومەتدا هاتووە، هیوادارین کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆژەی هەڵبژاردن دروستنەکات، چونکە ئێمە مکوڕین لەسەر کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە و ئەو کەسانەش کە سیناریۆی لەم شێوەیە دادەڕێژن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن