راچڵەكین -
هێرشێكی مووشەكی دەكرێتە سەر ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانیش رایدەگەیەنێت، بنكەیەكی دەزگای مۆساد لە ناوجەرگەی شاری تەلئەڤیڤ-ی پایتەختی ئیسرائیل كراوەتە ئامانج.
میدیاكانی نزیك لە حزبوڵڵا راگەیاندراوێكی ئەو حزبەیان بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە، لە هێرشێكی مووشەكیدا بنكەیەكی سوپای ئیسرائیل و بارەگایەكی دەزگای مۆساد لەناو شاری تەلئەڤیڤ بۆردومانكراون و زیانی گیانیشی لێكەوتووەتەوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لە دوو هێرشی دیكەی مووشەكی، هێزەكانی سوپای ئیسرائیل لەنزیك دوو كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی سەر سنووری باشووری لوبنان كراونەتە ئامانج.
لە هێرشەكانی ئەمڕۆدا بۆسەر باكووری ئیسرائیل و شاری تەلئەڤیڤ-ی ئەو وڵاتە، بۆیەكەم جار مووشەكی جۆری فادی 4 لەلایەن حزبوڵڵاوە بەكارهێنراوە، كە مووشەكێكی پێشكەوتووی بالیستییەو توانای بۆردومانكردنی رووبەرێكی فراوانی هەیە.
هەرچەندە تائێستا بەفەرمی زیانەكانی هێرشە مووشەكییەكەی ئەمڕۆی حزبوڵڵا بۆسەر ئیسرائیل ئاشكرا نەكراوە، بەڵام چەند میدیایەكی ئەو وڵاتە بڵاویانكردەوە كە دوو هاووڵاتی بریندار بوون.