راچڵەكین -
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ رایدەگەیەنێت: گوتاری یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، گوتارێكی رەوایەو دەمانەوێ كۆتایی بەسەردەمی دەسەڵاتی تاكڕەویی بهێنین و رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمەكەمان راستبكەینەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری هەولێر، پێشوازی كرد لە ئیلبروس كیریڵۆڤیچ كوتراشێف باڵیۆزی رووسیا لە عێراق.
لە دیدارێكدا كە ماكسیم رۆبین كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر ئامادەیبوو، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بەڕوونی هەڵوێستی خۆی لەسەر پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق خستەڕوو. لەم چوارچێوەیەدا جەختی لەوە كردەوە كە گوتاری یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، گوتارێكی رەوایەو دەمانەوێ كۆتایی بەسەردەمی دەسەڵاتی تاكڕەویی بهێنین و رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمەكەمان راستبكەینەوە. هیوایەكی زۆرمان هەیە بتوانین ئەم كارە بكەین بەهۆی ئەوەی ئێستا یاسای هەڵبژاردن شەفافیەتی زیاتری هەیەو پرۆسەی هەڵبژاردن دادپەروەرترە.
هەر دیدارەكەدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر هەرێمی كوردستان پێویستی بە پەرلەمانێكی كارایە، بۆیە لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بێ هیچ رێگرییەك بەرێوەبڕوات، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دیسان هەرێمەكەمان لەناوخۆ و دەرەوە بەهێزببێتەوە.