عەبدولکەریم حوسێنزادە رێگری لێکرا ببێتە جێگری سەرۆککۆماری ئێران

ڕاپۆرت

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 237

راچڵەکین-

لە کاتێکدا دوای دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری نوێی ئێران و پێکهێنانی کابینەکەی، عەبدولکەریم حوسێنزادە ئەندام پەرلەمانی کوردی سونەمەزهەبی وەک جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان و کۆچەریەکان دەستنیشانکرد. بەڵام ئەمڕۆ پەرلەمانی وڵاتەکە بەزۆرینەی دەنگ دژی دەستلەکارکێشانەوەی ئەو نوێنەرە کوردە بوون و ئەمەش دەبێتە رێگری لەوەی بتوانێت پۆستی جێگری سەرۆککۆمار وەربگرێت.

نزیک بە مانگێک لەمەوبەر، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، عەبدولکەریم حوسێنزادە، نوێنەری کوردی سونەمەزهەبی وەک جێگری سەرۆککۆمار بۆ گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان و کۆچەریەکان دەستنیشان کرد.

ئەم دەستنیشانکردنە لە کاتێکدا بوو، کە حوسێنزادە پەرلەمانتار بوو، و هێشتا پرۆسەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی ئەندامێتی پەرلەمانی ئێران دەستی پێنەکردبوو، و ئەندامانی پەرلەمان ئاگاداری ئەو حوکمە نەبوون.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران، لە کۆبوونەوەی کراوەیاندا، دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێنزادە، نوێنەری نەغەدە و شنۆیان قبوڵ نەکرد.

لە کۆی 241 دەنگ، 107 دەنگی بە بەڵێ، و 129 دەنگی نەخێر دەنگیان دا و 5 دەنگیش بێ لایەن بوون.

عەلیرەزا سەلیمی، ئەندامی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئیسلامی، بە ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز رایگەیاندووە: بە هۆی قبوڵنەکردنی دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێن زادە، ناوبراو لە ئێستادا پەرلەمانتارە و حکومەت دەبێت کەسێکی دیکە بۆ پۆستی جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان دابنێت.

لەبارەی هۆکارەکەیەوە، سەلیمی وتی، بەپێی مادەی 141ی دەستوور، نابێت بەرپرسانی حکومی لەیەک کاتدا دوو پۆست و پێگەیان هەبێت.

ئەندامانی پەرلەمانی ئێران لەبارەی هۆکاری دژایەتیکردنی دەستلەکارکێشانەوەی حوسێنزادە وتوویانە، ئەوانە پرۆسەی پێدانی پۆستەکە بە حوسێنزادە بەدروست نازانن.

پەرلەمانتاران پێیان وایە نەدەبوو سەرۆککۆمار پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی دەستلەکارکێشانەوە، فەرمانی پێدانی پۆستێکی دیکە بە پەرلەمانتارێک دەربکات کە تا ئێستاش بەرپرسیارە لە پۆستەکەیدا. دەڵێن:" ئەم پرۆسەیە بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی وڵات و پەرلەمان دەزانین".

بەگوێرەی ماددەی 90ی پەیڕەوی ناوخۆ، دوای پەسەندکردنی بڕوانامەی نوێنەران، هەر نوێنەرێک بیەوێت پۆستی ئەندامێتی پەرلەمان بەجێبهێڵێت، دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە، قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەشی پەیوەستە بە ڕەزامەندی پەرلەمان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن