رووسیا و ئۆکرانیا؛ ژمارەی کوژراوانی جەنگەکەیان گەیشتە 280 هەزار کوژراو و 800 هەزار بریندار

ڕاپۆرت

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 353

راچڵەکین-

ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەم ئامارەی راگەیاند و نووسیویەتی: بەپێی خەمڵاندنە نهێنییەکانی ئۆکرانیا، ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئۆکرانیا 80 هەزار و بریندارەکانیش 400 هەزار کەسە.

بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، خەمڵاندنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاواش ژمارەی قوربانیانی رووسیایان بە نزیکەی 200 هەزار و بریندارەکانیش بە نزیکەی 400 هەزار کەس خەمڵاندووە.

هاوکات لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە ژمارەی دانیشتوانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. ژمارەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پێش جەنگ لە ساڵی 2022 نزیکەی 40 ملیۆن کەس بووە، بەڵام بە کۆچی زیاتر لە 6 ملیۆن کەس و داگیرکردنی خاکەکان لەلایەن رووسیاوە، ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆکرانیادایە بۆ نزیکەی 25-27 ملیۆن کەس کەمی کردووە خەڵک.

لە دوایین پێشهاتی شەڕی نێوان هەردوو وڵاتدا، ئۆکرانیا رۆژی دووشەممە بانگهێشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد بۆ سەردانی ئەو ناوچانەی کە لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا کۆنترۆڵی کردوون.

ئۆکرانیا رایگەیاند ئامانجی ئەم کارەی بۆ نیشاندانی پابەندبوونی خۆیەتی بە یاساکانی مافی مرۆڤ. بەڵام رووسیا بە کارێکی "ئیستفزازی" ناوبرد.

لە هەمان کاتدا دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین دڵنیایی دا کە نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی بانگهێشتەکەی ئۆکرانیا رەتدەکەنەوە.

ئۆکرانیا کە نزیکەی شەش هەفتە لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنی کورسکی دەستپێکرد، ئێستا دەڵێت نزیکەی هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی رووسیای کۆنترۆڵکردووە. کیێڤ باسی لەوە کردووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنەی جێبەجێ کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە دۆخێکی باشتردا بێت.

لە کاتێکدا نزیکەی دوو ساڵ و نیو بەسەر دەستپێکی شەڕەکەدا تێپەڕیوە، ڤلادیمێر پوتین، فەرمانی دا کە نزیکەی 180 هەزار کەس بۆ سوپای ئەم وڵاتە زیاد بکرێن، و کۆی ژمارەکەش لە سەربازانی سوپای رووسیا دەگاتە ملیۆنێک و نیو کەس.

لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هەردوو وڵات لەدژی یەکتر چڕتر بووەتەوە، شەڕەکە لە بەرەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوامە و سوپای رووسیا هێواش هێواش بەرەو شاری سەرەکی و ستراتیجی "پاکرۆڤسک" پێشڕەوی دەکات.

رووسیا لە ماوەی دوو ساڵ و نیو لە دوای لەشکرکێشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی جۆراوجۆر ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج. هەرچەندە زۆربەی ئەم هێرشانە لەسەر ژێرخانی سەربازی و وزە و گواستنەوەی ئۆکرانیا بووە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا نەخۆشخانە و قوتابخانە و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیش کراونەتە ئامانج. بەڵام مۆسکۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هەرگیز هاوڵاتیانی مەدەنی نەکردۆتە ئامانج.

لەم دواییانەدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هەوڵەکانی دوو هێندە کردووە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی وڵاتانی رۆژئاوایی تاوەکو مۆڵەتی پێبدەن مووشەکی مەودای مامناوەند و دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ناوەڕاستی رووسیا بەکاربهێنێت.

لە چەند ڕۆژی رابردوودا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کیەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەگەری دەرکردنی ئەو جۆرە مۆڵەتانەیان پشتڕاستکردەوە، بەڵام هێشتا بە تایبەتی رایاننەگەیاندووە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، کە لە دوایین رۆژەکانی پۆستەکەیدایە، رایگەیاند، پێدانی ئەو جۆرە مۆڵەتانە بڕیارێکە کە هەر ئەندامێکی هاوپەیمانییەکە دەبێت بە تەنیا بیدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن