رووسیاو ئۆكراینا ژمارەیەكی زۆر دیلی جەنگ ئاڵوگۆڕ دەكەن

جیهان

14/09/2024     ژمارەی بینراو 275

وێنە.. ئەرشیف

راچڵەكین -

لە پرۆسەیەكی دیكەی ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكانی جەنگ، هەریەك لە رووسیاو ئۆكراینا زیاتر لە 100 سەربازی یەكتریان ئازادكرد، كە لەمیانی شەڕەكانی نێوانیان بەدیل گیرابوون.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پرۆسەیەكی دیكەی ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكانی جەنگ لەگەڵ ئۆكراینا جێبەجێكراو 103 سەربازو كارمەندی مەدەنیی رووسیا، كە لەمیانی هێرشەكانی ئۆكراینا بۆسەر هەرێمی كورسك بەدیل گیرابوون، ئازادكران.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پرۆسەكە بە نێوەندگیری ئیمارات بەڕێوەچووەو رووسیاش 103 سەربازی ئۆكراینی ئازاد كرد كە لەشەڕەكانی هەرێمی دۆنێتسك بەدیل گیرابوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەرجەم دیلە ئازادكراوانەی ڕووسیا رەوانەی بێلاڕووس كراون و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ ڕووسیاو چارەسەری پزیشكی و دەروونییان بۆ دەكرێت.

لە سەرەتای شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا لە 24-2-2022، تائێستا 55 جار ئاڵوگۆڕی دیلی جەنگ لەنێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە، زۆربەی پرۆسەكانیش بەنێوەندگیریی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر ئەنجامدراون، مانگی رابردووش لە پرۆسەیەكی هاوشێوەدا كە بە نێوەنگیری ئیمارات بەڕێوەچوو هەریەك لە روسیاو ئۆكراینا 115 دیلی یەكتریان ئازادكرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن