راچڵەکین-
ئۆکرانیا رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، رووسیا زیاتر لە هەشت هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیی لە جۆری "شاهد" هەڵداوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئەمڕۆ رایگەیاند کە رووسیا لە سەرەتای لەشکرکێشی پوتین بۆ سەر وڵاتەکەی، بە گشتی ٨٠٦٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مۆدێلی شاهد ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بڵاویکردەوە، کە مۆسکۆ بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە رووسیا چالاکانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مۆدێلی "شاهد" بەرهەم دەهێنێت.
ئۆکرانیا و هاوبەشە رۆژئاواییەکانی لەوانە ئەمریکا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پاڵپشتی چەک بۆ رووسیا دابین دەکات، لەوانەش دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی و مووشەکی بالیستیک.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، رووسیا مووشەکی بالیستیکی لە کۆماری ئیسلامی ئێران وەرگرتووە و پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە شەڕی خۆیدا لە ئۆکرانیا بەکاریان بهێنێت. حکومەتی ئێران ئەمەی رەتکردووەتەوە.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ناردنی مووشەکی بالیستیک لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ رووسیا، چوار وڵاتی ئەمریکا، بەریتانیا، ئاڵمانیا و فەرەنسا، رۆژی سێشەممە، سزای نوێیان لە دژی ئەو کەس و دامەزراوانەی بەشدار لەم ئۆپەراسیۆنەدا جێبەجێ کرد.
بەڵام ئێران چەندین جار رەتی کردووەتەوە کە مووشەکی بۆ رووسیا ناردبێت.