سیستەمی نوێی "پارەدان لەرێگەی رووخسارناسینەوە" لە رووسیا هەرا دەنێتەوە

هەمەڕەنگ

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 190

وێنەیەک لە چۆنیەتی ناسینەوەی رووخساری خەڵک لە وێستگەیەکی میترۆی مۆسکۆ

راچڵەکین-

رووسیا بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای" ناسینەوەی دەموچاو" لە میترۆکاندا بۆ شەش شاری دەرەوەی مۆسکۆ فراوانتر دەکات، ئەمەش هەنگاوێکە کە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر مافە مەدەنییەکان دەزانن.

بەگوێرەی ئاژانسە فەرمییەکانی حکومەتی رووسیا، بەکارهێنانی شێوازی پارەدان ناسراو بە "فەیسپەی" (پارەدان بە ناسینەوەی دەموچاو) لە وێستگەکانی میترۆی کازان پایتەختی تاتارستان و نیژنی نۆڤگۆرۆد و لەنێو شارە گەورەکانی دیکەی رووسیا لەسەر رووباری ڤۆڵگا دەستیپێکردووە.

بەرپرسانی رووسیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شێوازی "فەیسپەی" ئاسایش و ئاسانکاری "بێهاوتای" پێشکەش دەکات، چونکە تەنها پشت بە ناسینەوەی دەموچاوی سەرنشینەکان دەبەستێت. بەڵام بۆ ڕەخنەگران، ڕێک ئەوە کێشەدارە.

لە مۆسکۆ کە چوار ساڵ لەمەوبەر سیستمی پارەدانی ناسینەوەی دەموچاو لە میترۆدا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، کامێرای چاودێری بۆتە ئامرازێک بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ ناسینەوە و راگرتنی بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت و ئەو رۆژنامەنووسانەی کە رووماڵی ناڕەزایەتییەکان دەکەن.

سەرۆکی سەنتەری تەکنەلۆژیای بایۆمەتری، کە کۆمپانیایەکی حکومەییە و بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی پلانی پەرەپێدانی ئەم شێوازی پارەدانە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە تا ساڵی 2025، سەرجەم ئامێرەکان لە میترۆکان لە سەرانسەری رووسیا بەم تەکنەلۆژیایە تەیار دەکرێن.

ئامێری وەرگرتنی پارەی ئۆتۆماتیکی بە ناسینەوەی دەموچاو لە میترۆکان، جگە لە رووسیا، لە چین و کازاخستان و ژاپۆن کراوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن