حەوت کەس دەستگیرکران؛ بەچەقۆ و ساتوور یەکتریان بریندارکردووە

کوردستان

12/09/2024     ژمارەی بینراو 290

راچڵەکین-

پۆلیسی هەولێر حەوت کەسی لە دوو خێزان دەستگیرکردووە، کە لەسەر کێشەی کارپێکردنی بیری ئاو لە کۆمەڵگەی کاوە لە هەولێر، شەڕیان کردووە و بەچەقۆ و ساتوور یەکتریان بریندارکردووە.

پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: دوای ئەوەی لە کۆمەڵگای (کاوە)ی سەر بە قەزای قوشتەپە دەمەقاڵی و شەڕ لە نێوان دوو ماڵباتدا دروست بوو، دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

پۆلیس روونی دەکاتەوە: لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کەوا ئەو دوو خانەوادەیە لەسەر کارپێکردنی بیری ئاو بووەتە دەمەقاڵییان و دواجار توندوتیژیی لێ کەوتووەتەوە و بە چەقۆ و ساتوور یەکتریان زامدار کردووە.

بەوتەی پۆلیس: لە شەڕەکەدا چەند کەسێک بریندار بوون، بۆیە لەلایەن تیمەکانمانەوە حەوت کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لەو کێشەیە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیر کران، دووانیان برینەکەیان سەختە و لە ژێر چاودێریی ورد و چڕی پۆلیس و تیمە پزیشکییەکاندان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن