راچڵەکین-
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا سوپای ئەو وڵاتە توانی 10 شارۆچکەی ناوچەی کورسک کۆنترۆڵبکاتەوە، کە پێشتر ئۆکرانیا داگیری کردبوو.
لەماوەی رابردوودا ئۆکرانیا وەک هێرشێکی هەڵگەڕاوە هێرشی کردە سەر ناوچەی کورسک لە رووسیا و تا ئێستاش لەو ناوچەیە ماوە. ئەو وڵاتە رایگەیاند بەمەبەستی لاوازکردنی هێزی رووسی ئەم هێرشەیان ئەنجامداوە و مەبەستی داگیرکردنی هەمیشەییان نییە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە فڕۆکەخانەی سەربازی و کۆگایەکی نەوتیان لە رووسیا کردووەتە ئامانج.
ئۆکرانیا لەم دواییانەدا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر خاکی رووسیا چڕتر کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە ئەو هێرشانە لە تۆڵەی بۆردومانەکانی رووسیا بۆ سەر خاکەکەی ئەنجام دەدەن.
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدیمیر زیلینسکی لە چەند رۆژی رابردوودا وتبووی، "رووسیا تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا 600 بۆمبی ڕێنماییکراوی بەسەر ئۆکرانیادا هەڵداوە".