راچڵەكین -
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بانكی رافیدەین ئامادەكاری بۆ تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەو خزمەتگوزارییانەش ئاشكرا دەكات كە مووچەخۆرانی هەرێم لەدوای تەوتینكردنی مووچەكانیان لێی سوودمەند دەبن.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: لە 6-8-2024 داوام لە وەزیری دارایی فیدراڵا كرد چاوەڕێی وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبێت بۆ وەرگرتنی زانیاری مووچەخۆران و تەوتینكردن لە بانكی حكومی فیدراڵی، لەبەر ئەوەی وەڵام ناداتەوەو نایەوێ تەوتین بكات.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:" داوام لە وەزیری دارایی عیراق كردووە، پێویستە لیستی دوایین مووچە، كە لیستێكی پاككراوە بوو لە ناوی دووبارەو ناوی وەهمی، ئاڕاستەی بانكی فیدراڵی بكات بۆ تەوتین".
سۆران عومەر راشیگەیاند: بەپێی وەڵامی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ، بانكی رافیدەین دەستی بە هەنگاوەكانی تەوتینكردنی مووچە كردووەو هەموو رێكارە پێویستەكانیشی لەوبارەیەوە ئەنجامداوە.
بەوتەی سۆران عومەر، مووچەخۆرانی هەرێم لەدوای تەوتینكردنی مووچەكانیان، لە 18 خزمەتگوزاریی سوودمەند دەبن، لەوانەی، وەرگرتنی قەرزو پێشینەكان و كڕینی كەلوپەلی ناوماڵ بە قیستی درێژخایەن، كڕینی ئۆتۆمبێل لەچەندین كۆمپانیا بە قیستی درێژخایەن، لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی لە كۆمپانیاكانی گەشتوگوزاری ئایینی و فڕۆكەو گەشتكردن پَشكەش دەكرێن، جگە لەو قەزرانەی كە دەدرێت بۆ كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون، لەگەڵ چەندین خزمەتگوزاری دیكە كە لە تەوتینی مووچەدا مووچەخۆرانی هەرێم لێی سوودمەند دەبن.