دۆناڵد ترەمپ
راچڵەكین -
كۆشكی كرملین وەڵامی لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كۆتایی هێنان بە شەڕی رووسیاو ئۆكراینا، دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: ئەو شەڕە بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی كۆتایی نایەت و دەبێ واشنتۆن چیتر ئۆكراینا وەك ئامرازێك بۆ لاوازكردنی رووسیا بەكارنەهێنێت.
كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا (كرملین) لە راگەیەندراوێكدا ناڕەزایی توندی خۆی بەرامبەر شێوازی ناوهێنانی رووسیاو ڤلادیمێر پوتین لە دیبەتەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و كامالا هاریس، دەربڕی و بەشێوازێكی ناپەسەند وەسفیكرد.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەی كرملین وەك وەڵامێك بۆ دۆناڵد ترەمپ كە لە دیبەیتەكەدا رایگەیاندبوو دەتوانێت بەیەك تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، كۆتایی بە شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا بهێنێت، هاتووە "ئەم جۆرە پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئەگەر ئەنجامیش بدرێت، هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت".
كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت كۆتایی بە شەڕەكە بهێنێت، پێویستە چیتر ئۆكراینا وەك ئامرازێك بۆ لاوازكردنی رووسیا بەكارنەهێنێت.
لەمیانی دیبەتە سەرۆكایەتییەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و كامالا هاریس، باس لە شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا كرا، ترەمپ رایگەیاندبوو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا هەیەو دەتوانێت كارێك بكات كە ببێتە هۆی كۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا، ئاشكراشیكردبوو هەوڵەكانی بۆ راگرتنی شەڕەكە چڕدەكاتەوەو بەرلەوەی سەركەوتن لە هەڵبژاردن بەدەستبهێنێت و ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا، هەردوو سەۆركی رووسیاو ئۆكراینا بەیەكەوە كۆدەكاتەوە، ترەمپ ئەوەشی ووت: ئەگەر من سەرۆكی ئەمریكا ببام، هەرگیز نەمدەهێشت شەڕەكە رووبدات.
لە بەرامبەردا كامالا هاریس هێرشێكی توندی كردە سەر كاندیدی كۆمارییەكان و رایگەیاند: ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بوایە، ئێستا پوتین لەناو كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكراینا بوو.