راچڵەکین-
دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئێران مووشەکی بالیستیکی بۆ رووسیا ناردووە، سزا و گەمارۆ دەخەنە سەر ئێران، هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنساش رایانگەیاند هەمان سیاسەت لە بەرامبەر ئێران پەیڕەو دەکەن.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا رایگەیاند، وەک کاردانەوەیەک بۆ ناردنی مووشەکی بالیستی ئێران بۆ رووسیا کە لە جەنگی ئۆکرانیا بەکاریدەهێنێت، وڵاتەکەیان ژمارەیەک سزا دەخاتە سەر ئێران.
سزاکانیش؛ 10 کەسایەتی و 6 دامەزراوەی ناوخۆی ئێران و رووسیا دەگرێتەوە، لەگەڵ سزادانی چوار کەشتی، کە پارچە و تەقەمەنی ئێرانی، لەوانە درۆن و مووشەکی بالیستیکی دوورمەودا بۆ رووسیا رەوانە دەکات.
رۆژی سێشەممەش، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیاش هەناردەکردنی مووشەکی بالیستیکی ئێران بۆ رووسیایان سەرکۆنە کرد.
هەرسێ وڵاتە ئەوروپییەکە لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند کە "رێوشوێنی خێرا دەگرینەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی خزمەتگوزاری ئاسمانی لەگەڵ ئێران" و ئەوەشیان زیاد کرد کە هێڵی فڕۆکەوانیی "ئێران ئایر"یش دەخەنە لیستی سزاکانیانەوە.