ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا
راچڵەكین -
لەدوای كوژرانی كچە چالاكوانێكی بەڕەگەز ئەمریكی لە كەناری رۆژئاوا، ئیدارەی ئەمریكا داوا لە ئیسرائیل دەكات گۆڕانكاریی بنەڕەتی لەشێوازی كاركردنی هێزە ئەمنییەكانی بكات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر كوژرانی كچە چالاكوانێكی بە رەچەڵەك تورك و بەڕەگەز ئەمریكی دەربڕی، كە رۆژی هەینی رابردوو بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی لەنزیك شاری نابلوس لە كەناری رۆژئاوا بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل گیانی لەدەستدا.
بلینكن ئاماژەی بەوەكرد، نابێت هیچ كەسێك بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایی و بەشداریكردنی لە خۆپیشاندان، تەقەی لێبكرێت و ژیانی بخرێتە مەترسییەوە، داواشی لە حكومەتی ئیسرائیل كرد گۆڕانكاری بنەڕەتی لە شێوازی كاركردنی هێزە ئەمنییەكانی لە ناوچەكانی كەناری رۆژئاوا بكات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی:" واشنتۆن لەسەر ئاستی باڵا قسە لەگەڵ ئیسرائیل دەكات بۆ پێدانی روونكردنەوەی زیاتر لەسەر هۆكاری تەقەكردن لە چالاكوانەكە، كە بووە هۆی كوژرانی".
رۆژی هەینی رابردوو، لەكاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژ بە دروستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جولەكە لە نزیك شاری نابلوس لە كەناری رۆژئاوا، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل دروستبوو، كە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكە، تەقەیان كرد، كچە چالاكوانێكی بە رەچەڵەك تورك و بەڕەگەز ئەمریكی بەناوی ئایسینور ئیزگی ئیگی، فیشەكێك بەر سەری كەوت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆخشانە، بەهۆی كاریگەریی برینەكەی، گیانی لەدەستدا.