راچڵەکین-
ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران مووشەکی بالیستیکی بۆ رووسیا ناردووە و بۆ ئەم مەبەستەش سزای دەخرێتەسەر.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی ئەو هەواڵانە پشتڕاست دەکاتەوە کە باس لە ناردنی مووشەکی بالیستیکی ئێرانی بۆ ڕووسیا دەکەن، هەروەها دەشڵێت، ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.
ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ لە لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: ڕووسیا باری ئەو مووشەکانەی بالیستیکی وەرگرتووە و پێدەچێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دژی ئۆکرانیا بەکاریان بهێنێت.
ناوبراو کە بە سەردانێکی فەرمی گەشتی بۆ بەریتانیا کردووە، باسی لەوە کردووە کە ئەمڕۆ ئەمریکا سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەسەپێنێت، لەوانە هێڵی فڕۆکەوانی ئێران ئایریش دەگرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند، کە رووسیا ئەو تەکنۆلۆژیایانە بۆ ئێران دابین دەکات کە بابەتی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت.