300 هونەرمەندی ئێرانی کاری هونەرییان لێ قەدەغە کراوە

کەلتوور

10/09/2024     ژمارەی بینراو 806

راچڵەکین-

بە وتەی ئەندامێکی دامەزراوەی "خانەی سینەما" لە ئێران، 300 هونەرمەندی وڵاتەکە بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی ناتوانن کار بکەن. دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و  ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران و یاوەریکردنی بەشێک لە هونەرمەندان لەگەڵ خۆپیشاندەران، لانیکەم 100 هونەرمەند دەستبەسەر کراون یان چوونەدەرەوەیان قەدەغە لێ کراوە.

ڕەسووڵ سەدر عاملی، سینەماکار و وتەبێژی بەرپرسی خانەی سینەما، لە مەراسیمێکدا بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانی سینەما رایگەیاند: "نزیکەی 300 هاوکارمان بەهۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنیەوە دۆسیەی دادوەری کراوەیان هەیە، و ناتوانن نواندن و کاری هونەری بکەن.

دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران کە لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە روویدا، بەشێکی زۆری هونەرمەندانی ئێران دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی خۆپیشاندەران و بەشێکیشیان لەچکیان لابرد، بەمەش حکومەتی ئێران قەدەغەی کاری هونەری لەو سینەماکار و هونەرمەندانە کردووە. زیاتر له 100 هونەرمەندی سینەما، شانۆ و موزیک دەستبەسەرکراون یان چوونەدەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەغە کراوە.

هەرچەندە فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، لەم دواییانەدا باسی لە پاڵپشتی حکومەت کرد بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنی هونەرمەندان، "بەتایبەت سینەماکارانی ژن"، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەو بارەوە نەگیراوەتەبەر. 

ئەم هونەرمەندانە بریتین لە باران کەوسەری، ڤیشکا ئاسایش، تەرانە عەلیدۆستی، کەتایون ریاحی، هەنگامە قازیانی، پگا ئاهەنگەرانی، مریەم بۆبانی( کە بەڕەچەڵەک کوردە) و چەندانی تر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن