راچڵەکین-
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا رایگەیاند هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی کراوەتە سەر وڵاتەکەیان. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری، شەوی ڕابردوو 144 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە 9 ناوچەی جیاوازی ڕووسیا خراونەتە خوارەوە.
سێرگی سۆبیانیان سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، کە بەرگری ئاسمانی شارەکە 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی خستۆتە خوارەوە.
ئەم هێرشانە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند ناوچەیەکی جیاواز. هەندێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە 2 هاوڵاتی رووسی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئیندیپێندنت، لانیکەم 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە مۆسکۆ تێکشکێندراون، ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی چەند فڕۆکەخانەیەکی ناوچەکە. رۆژنامەکە دەڵێت لەم هێرشانەدا لانیکەم منداڵێک کوژراوە.
جگە لەوەش؛ 72 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە پارێزگای سنووری برایانسک، 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کورسک، 13 لە تولا، 8 لە بێلگۆرۆد و هێرشەکانی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی رووسیا بوون.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنە بڵاوکراوانە، بەشێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە پێکدادانیان لەگەڵ ناوچەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانەکاندا کەوتووە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیا لە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکرانیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا توندتر بووە و زۆرێک لە شار و گوندەکان کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی رووسیا.