راچڵەکین-
سوریا رایگەیاند لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوەندی وڵاتەکەی پێنج کەس کوژراوە؛ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز-یش رایگەیاندووە کە لەم هێرشانەدا، ناوەندێکی توێژینەوەی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی کراوەتە ئامانج، کە پسپۆڕانی ئێرانی هاوکاری لەگەڵ دەکەن.
ئەم هێرشە مووشەکییانە، درەنگانی شەوی یەکشەممە، بۆ سەر ناوچەکانی گەڕەکی مەسیاف، لە پارێزگای حەما لە ناوەندی سوریا ئەنجامدراون.
بەپێی ئاژانسی فەرمی سوریا (سانا)، دوابەدوای ئەو هێرشانە، جیا لە کوژرانی پێنج کەس، 19 کەس بریندار بوون و هەندێکیان باری تەندروستییان سەختە.
بەرپرسێکی ئەمنی بە ئاژانسی فەرمی سوریای وتووە، ئیسرائیل لە سنووری ئاسمانیی لوبنانەوە هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەی سەربازیی سووریا. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرپەرچی ژمارەیەک لە مووشەکەکانی داوەتەوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی هەواڵگری لە ناوچەکە بڵاویکردەوە، "ناوەندێکی گەورەی لێکۆڵینەوەی سەربازی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی" چەند جارێک بەر هێرشی ئاسمانی کەوتووە.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆیتەرز، پێدەچێت تیمێک لە شارەزایانی سەربازیی ئێران لەم دامەزراوەیە لە بەرهەمهێنانی چەکدا بەشداربن و لەوێ ئامادە بوون.