تەبون بە سەرۆكی جەزائیر هەڵبژێردرایەوە

جیهان

08/09/2024     ژمارەی بینراو 145

عەبدولمەجید تەبون، سەرۆكی جەزائیر

راچڵەكین -

ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی جەزائیر بڵاوكرایەوەو سەرۆكی ئەو وڵاتە بە بەدەستهێنانی زۆرینەی رەهای دەنگەكان، بۆ جارێكی تر لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە.

دامەزراوەی هەڵبژاردنی جەزائیر ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی  ئەو وڵاتەی بڵاوكردەوەو بەپێی ئەنجامەكان عەبدولمەجید تەبون، سەرۆكی ئەو وڵاتە بەبەدەستهێنانی رێژەی 94.6%ی دەنگەكان، بۆ جارێكی تر بە سەرۆككۆماری جەزائیر هەڵبژێردرایەوە.

ئەنجامەكانی دەریانخستووە، هەردوو ركابەرەكەی تەبون، كە یەكێكیان سەرۆكی گەورەترین حزبی ئیسلامییە لە جەزائیرو ئەوی دیكەش سكرتێری بەرەی هێزی سۆسیالیستە، تەنها رێژەی (3.1%) و (2.2%)ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.

بەپێی ئامارەكان، لەكۆی زیاتر لە 24 ملیۆن هاووڵاتی جەزائیری كە مافی دەنگیان هەبووە، تەنها پێنج ملیۆن 630 هەزار كەس بەشدارییان لە پرسەكەدا كردووەو دەنگیان داوە.

 

عەبدولمەجید تەبون-ی تەمەن 78 ساڵ، كە ساڵی 2019 لەدوای راپەڕینێكی جەماوەری بە سەرۆكی جەزائی هەڵبژێردرا، بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆماوەی پێنج ساڵی دیكە لەسەر كورسییەكەی دەمێنێتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن