وەزیری دارایی: بەشی زۆری تێبینیەکانی چاودێری دارایی لەسەر لیستی مووچە چارەسەر کراوە

چاوپێکەوتن

06/09/2024     ژمارەی بینراو 270

راچڵەکین-

 

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەبارەی کێشەی مووچە لە نێوان هەرێم و بەغداد روونکردنەوە دەدات و لە بەشێکی قسەکانی دا دەڵێت: بۆ مانگی حەوت ئەوەی لەسەر وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم بوو جێبەجێمان کرد، بەڵام هێشتا ناتوانین بڵێین هەرچی هەمانە سەدا سەد هاوتایە لەگەڵ ئەو سیستەمەی عێراق.

لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمریکا لە بارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی تەمووزەوە، وەزیری دارایی ڕایگەیاند: هەندێک کێشە دروستکرا بۆ مووچەی مانگی حەوت بۆ ئەوەی دوای بخەن، ئەو کێشانە هەموویان هونەرین، بەڵام خودی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی ٢٠١٣، مووچە لەوکاتەوە بووەتە کێشەیەکی سیاسی، بەمانایەکی تر بەشێکە لە چارەسەرنەبوونی کێشەی نەتەوەیی لە نێوان هەرێم و بەغداد، ئەمە وایکردووە ئەو کێشەیە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام درێژە بکێشێت.

 

وتیشی، بۆ مانگی حەوت ئەوەی لەسەر وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم بوو جێبەجێمان کرد، بەڵام هێشتا ناتوانین بڵێین هەرچی هەمانە سەدا سەد هاوتایە لەگەڵ ئەو سیستەمەی عێراق، ئەوەی شارەزا بێت تێدەگات لەساڵی ١٩٩٢ وە لە عێراق دابڕاوین، یاساکانی ژمێریاری کە ئێمە کاری پێ دەکەین سیستەمی ژمێریاری گشتییە، بەڵام لە عێراق کار بەیاسای ئیدارەدانی دارایی دەکرێت، هەر لەوەوە بیگرە تا ناونیشانی وەزیفی و کۆمەڵیک بواری تر جیاوازی زۆر هەیە، لەوانە لە هەرێم کار بە شەش یاسای خانەنشینی دەکرێت، بەڵام لەعێراق کار بەیەک یاسای خانەنشینی دەکرێت.

ئاواتی شێخ جەناب ڕاشیگەیاند، بەداخەوە ئەو کێشانەی ئەم مانگە دروستیان کرد بۆ مووچە لە جێی خۆیدا نەبوو، ئێمە لیستی مووچەی مانگی حەوتمان لە کاتی خۆیدا نارد، بەڵام هەر دوایان خست هاتن لەمانگی حەوتدا کێشەیەکیان دروست کرد بەحساب تەقاتوعی وەزیفیان کردووە، هاتن هی مانگی دوو و سێ و چوار و پێنج و شەش و حەوتیان کۆکردەوە، لەمانگی دوو قسەیان نەکرد لەمانگی سێ قسەیان نەکرد لە چوار لە پێنج لەشەش قسەیان نەکرد لەمانگی حەوت بەیەکجار پێنج کتابیان ناردووە کێشەکان و ئەو تێبینیانەی لە مانگی دوو و سێ و چوار تا حەوت هەیان بووە هەموویان کۆکردووەتەوە و بەدەر لە یاساش مووچەیان ڕاگرتووە، چونکە بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕوونە نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا مووچە ڕابگیرێت.

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند، دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا بەبەردەوامی لەسەرخەتن و تێبینیەکانی خۆیان دەنێرن بۆ هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم تا کاری لەسەر بکەن و چارەسەر بکرێت، هەنگاو بەهەنگاو چارەسەرمان کردووە، بەڵام ئەوان نەهاتوون تێبینی مانگی دوو لەهەمان مانگ بۆمان بنێرن لەمانگی حەوتدا بەیەکجار تێبینی شەش مانگی کۆکردۆتەوە و دەڵێت بۆ مانگی شوبات ١١٠ ملیارتان لەمانگی حەوت لێ دەبڕین و بۆ مانگی ئازار ٢٠ ملیارتان بەهەمان شێوە لەمانگی حەوت لێ دەبڕین و بۆ مانگی نیسان ١١٢ ملیار و بۆ ئایار ١٤٧ ملیارو بۆ حوزەیران ٨٨ ملیار بۆ مانگی تەموزیش ١١٣ ملیار، بیانووەکە ئەوەیە بەشێک لەمانە بایۆمەتریان نییە یان بایۆمەتریان دووبارەیە، خۆی بایۆمەتری سیستەمە ئێمە ( upn ) مان هەیە ناسنامەی کەسی بێ هاوتا، ئەوانە گوایە کەموکوڕی لەکۆدی بەشێکیان هەیە، بیانوویەکی تر بوونی ناوی دووبارە یان لێکچووە، بەشێکیان لای ئێمە فەرمانبەرن و لە عێراقیش چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، یان کێشەی فەرمانبەرانی ناوچە دابڕاوەکان ئەوانەش کێشەیەکی کۆنە و لەهەموو گفتوگۆکانی ئێمەو کابینەکانی پێشووش هەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە.

ئاواتی شێخ جەناب روونیشیکردەوە، بایۆمەتری لە ئەساسدا لە عێراقدا بوونی نییە ، ئەگەر بەراوردیان کردووە لەسەر ڕیزبەندی وەزیفی یان لەسەر ( upn ) ناسنامەی کەسی بێ هاوتا، کاتی خۆی ئێمە بەفەرمی پێمان ڕاگەیاندوون کە بایۆمەتری پرۆسەیەکی بەردەوامە و دەبێت سەرتاپای هەرێم بگرێتەوە، بەڵام هاتوون بایۆمەتری خۆمانیان کردووە بەبیانوو، کە ئێمە دەستمان کردووە بەڕاستکردنەوە و چارەسەری تێبینیەکان، لەسەر ئێمە نەوەستاون، بۆ نمونە یەکێک لە تێبینیەکانیان گوایە ( ٣٠٠٠ ) کەس لە وەزارەتی ناوخۆ دووبارەن، کە وردبینیمان کرد بەئاگاداری هەردوولا دەرکەوت ئەمانە ناوی هاوشێوەن کە هاتە سەر ناوی دایک و بەرواری لەدایک بوون کێشەکە ڕاست بووەتەوە سەد کەسێک مایەوە لە کۆی سێ هەزار کەس.

وتیشی، بۆ نمونە ئەوەی بایۆمەتری نەکردبێت مانای ئەوە نییە ناسنامەی کەسی بێ هاوتای نییە، هەیە لە یەکە ژمێریاریەکەی تۆمار نەکراوە بەتایبەت لە هێزە ئەمنیەکان تامانگی پێنج و شەشیش ئێمە بەکۆد ناردوومانە دوای ئەوەی لیستەکانیانمان بەناو ناردووە، ئەوەش قابیلی ئەوەیە لەو پەلە پەلیە بەشێک لەو ناوانە تۆمار نەکرابن یان ڕیزبەندی وەزیفی بۆ نەکرابێت یان (upn)ەکەی بۆ نەکرابێت، بەڵام ئەگەر یەکێک بایۆمەتری نەکردبێت مانای ئەوەنییە بوونی نەبێت، هەندێک کەس هەیە بەتایبەت لە خانەنشین بەیاسا بایۆمەتری نایگرێتەوە، واریسەو تەمەنی لە ١٢ ساڵ کەمترە یان قاسرە، ئەم جۆرە کێشانە هەیە هەموویان کۆکردووەتەوە بە دەر لە یاسا لە مانگی حەوتدا نزیکەی ٦٠٠ ملیار دیناریان بڕیوە، بیانووەکان ئەوەنین مووچەی لەسەر ببڕدرێت کە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە، بۆ نمونە ئەوانەی لای ئێمە فەرمانبەرن و لە عێراق چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، ئەگەر دەیبڕێت پێویستە لای خۆی هاوکاریەكە ببڕێت نەک مووچەکەی، کاتی خۆی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ براوەتەوە پرس بە ئێمە نەکراوە تا بڵێین شایستەیە یان نا، سەرباری ئەوەش بەیاسا هەندێک کەس لەیەک کاتدا مووچەش و چاودێری کۆمەڵایەتی هەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن