راچڵەکین-
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، ئەمریکا و عێراق لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان "بەسەرکردایەتی ئەمریکا" لە عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
سەرچاوەکان دەڵێن، پلانەکە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان رێککەوتنی لەسەر کراوە بەڵام پێویستی بە رێگەپێدانی کۆتایی هەردوو پایتەخت و وادەی راگەیاندنی هەیە، تا مانگی ئەیلولی 2025 سەدان سەرباز عێراق بەجێدەهێڵن و ئەوانەشی دەمێننەوە تا کۆتایی ساڵی 2026 دەڕۆن.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە رۆیتەرزی وتووە: "ئێمە رێککەوتووین، ئێستا تەنها ئەوە ماوە رایبگەیەنین."
هەروەها ئەمریکا و عێراق هەوڵدەدەن پەیوەندییەکی نوێی راوێژکاری دروست بکەن، کە ڕەنگە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە دوای کشانەوە.
چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە کردووە کە دەکرێت لەم مانگەدا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت.
ئەم ڕێککەوتنە دوای زیاتر لە شەش مانگ دانوستانەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن دێت کە لە مانگی یەکدا لەلایەن محەمەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەستیپێکرد.
ئەمریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سوریای دراوسێی هەیە وەک بەشێک لەو هاوپەیمانییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنرا.