گۆڕانکارییەکی بێدەنگ لە تیلیگرام: چاتی تایبەت چاودێری دەکرێت

هەمەڕەنگ

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 248

راچڵەکین-

ئەپلیکەیشنی تیلیگرام، بە هێمنی بەشێک لە سیاسەتەکەی نوێکردەوە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن ڕاپۆرتی چاتی تایبەت بدەن.

میدیاکان دەڵێن پێدەچێت ئەم کارەی تیلیگرام، پەیوەندی بە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەوە لە فەرەنسا هەبێت.

نزیکەی 10 ڕۆژ لەمەوبەر بوو کە پاڤێل دورۆڤ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تیلیگرام لە فڕۆکەخانەیەکی فەرەنسا دەستگیرکرا.

ئەم ئەپلیکەیشنە کە مانگانە نزیکەی یەک ملیار بەکارهێنەری چالاکانەی هەیە، لە مێژە بەوە ناسراوە کە کەمترین چاودێریکردنی سەر بەکارهێنەرانی هەیە.

هاوکات، ڕۆژی پێنجشەممە، تیلیگرام لاپەڕەی پرسیارە بەردەوامەکانی خۆی نوێکردەوە و ڕایگەیاند: هەموو گفتوگۆکانی تیلیگرام دوگمەی "ڕاپۆرت"یان هەیە، کە ڕێگەت پێدەدات ناوەڕۆکی نایاسایی بۆ بەڕێوەبەرانی تیلیگرام بنێریت.

گۆڕینی سیاسەتەکە دوای دەستگیرکردنی دورۆڤ دێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسا. تۆمەتەکانی دژ بە تیلیگرام سەبارەت بوو بە؛ رێگری نەکردن لە بەکارهێنەران لە بڵاوکردنەوەی وێنەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و مامەڵەی نایاسایی دراوی کریپتۆ.

ڕوون نییە کە ئایا ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر توانای تیلیگرام دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا. کۆمپانیاکە پێشتریش هاوکاری فەرمانەکانی دادگای کردووە بۆ ئەوەی هەندێک زانیاری لەسەر بەکارهێنەرانی هاوبەش بکات.

ڕەخنەگرانی تیلیگرام پێیان وایە کە ئەو پلاتفۆرمە چاودێری گروپەکانی ناکات و ئازادیان دەکات لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، ناوەڕۆکی پیلانگێڕی، نیونازی، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان یان تیرۆر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن