راچڵەکین-
بڕیارە سبەینێ شەممە، وەزیری دارایی عیراق و شاندێکی یاوەری سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی عیراقیش هۆکاری هاتنەکەی ئاشکرا دەکات.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "چاوەڕواندەكرێت رۆژی شەممە 7-9-2024، وەفدێكی وەزارەتی دارایی عیراق بەسەرۆكایەتی تەیف سامی بێتە ھەرێم و لەگەڵ وەفدی وەزارەتی دارایی ھەرێم تاوتوێ ئەو كێشە و تێبینییانە بكەن كە لە لیستی مووچەدا ھەن، وەك بایۆمەتری و ناوی لێكچوو، ھەروەھا ئەو مووچانەی دراون بە ناوچە جێناكۆكەكان و چەندین بابەتی دیكە".
وتیشی:" هەر بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی دارایی ھەرێم لیژنەیەكی پێكھێناوە بۆ ئامادەكردنی ئەجێنداكان، تا لە كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ وەفدەكەی وەزارەتی دارایی عیراق گفتوگۆی لەبارەوە بكەن"
راشیگەیاند: "خێرایی چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێم و عیراق كاریگەری لەسەر خێرا دابەشكردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت".