کارڤاخال داهاتووی خۆی دیاری دەکات

وەرزش

04/09/2024     ژمارەی بینراو 294

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

دانی کارڤاخال، بەرگریکاری دێرینی یانەی ڕیال مەدرید پاڵێوراوی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ئەمساڵە، پێشبینیش ناکرێ هیچ نیگەرانییەک لەبارەی شوێنی خۆی لە تیپەکەدا هەبێت، بەڵام لە ئێستاوە بیر لەوە دەکاتەوە کە دوای جێهێشتنی لۆس بلانکۆس چی دەکات .

جگە لە وەرزێک لە یانەی بایەر لیڤەرکوزن، کارڤاخال تەواوی ژیانی وەرزشی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید بەسەر بردووە، دوای لۆکا مۆدریچ لە پلەی دووەم دێت.

لەکاتی کەمپ و مەشقەکانی ئێستای ئیسپانیا پرسیار لە کارڤاخال کرا کە ئایا وازهێنانی کروس لە کاتێکدا تەنها دوو ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە وای لێکردووە بیر لە هەنگاوی داهاتوو بکاتەوە؟

کارڤاخال وتی: تا هاوینی داهاتوو گرێبەستم هەیە، بۆیە لە ئێستادا بیر لە وازهێنان ناکەمەوە، دەمەوێت چێژ لە هەموو یارییەک و هەموو مەشقێک وەربگرم.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو پەیوەندییەی من لەگەڵ یانەکەدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە زۆر شەفاف و ڕوونە ئەگەر هەردوولا ڕازی بین بەردەوام بم، هیوادارم بۆ چەندین ساڵ لێرە بمێنمەوە.

بەڵام کارڤاخال ئەگەری گواستنەوەی بۆ خولی ئەمریکی ڕەت نەکردەوە و وتی: ئەگەرێکە، کاتێک بڕیار دەدەم لە ڕیال مەدرید نەبم، لە ئەوروپا یاری ناکەم و بەدیلەکان زۆر سنووردارن، ئەوە یەکێک دەبێت لە سێ بژاردەکە”، یان دەچمە ئەمریکا، یان سعودیە یان قەتەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن