بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراق لەكارەكەی دووردەخرێتەوە

عێراق

01/09/2024     ژمارەی بینراو 281

خەندان-

بەهۆی كەمتەرخەمی لەكارەكەی و دواكەوتنی گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراق لە كارەكەی و لیژنەی لێكۆڵینەوەش لەبارەی رووداوەكە پێكدەهێنرێت. 

بەپێی نوسراوێك، كە ئەمڕۆ یەكشەممە واژۆی حازم رازی، بریكاری وەزارەتی گواستنەوەی عیراق و دوو بەپرسی دیكمەی وەزارەتەكە، ئاڕاستەی وەزیری گواستنەوە كراوە، تێیدا هاتووە، دوای پێكهێنانی لیژنەیەك لە 31ی ئابی 2024 بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری دواكەوتنی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، داوا دەكەین رەزامەندی بدەن لەسەر دوورخستنەوەی هەریەك لە مەناف عەبدولمونعم، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق و چەند بەرپرسێكی دیكە لە پۆستەكانیان تا ئەوكاتەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەردەچن.

لە نوسراوەكەدا داواكراوە ماوەی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانی عێراق و بەپرسانی دیكەی كۆمپانیاكە، لە 60 رۆژ زیاتر نەبێت، تا ئەوكاتەش، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق، كارەكانی بەڕێوەبەر بەڕێوەببات.

بەهۆی زۆریی گەشتە ئاسمانییەكان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتەكان دواكەوتن، ئەمەش ناڕەزایی هاووڵاتییانی لێكەتەوە كە بەهۆی دواكەوتنی گەشتەكانیان، زیانیان بەركەوتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن